جەندرمە 13 کۆچبەری سوری دەستبەسەردەکەن کە لە هەوڵی پەڕینەوەدا بوون بۆ تورکیا

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنی شەممە، جەندرمەی تورکیا 13 کۆچبەری سورییان دەستگیرکرد، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوو، لەکاتێکدا هەوڵیان دەدا لە بەری “خربەت ئەلجوز” لە رۆژئاوای ئیدلبەوە بپەڕنەوە بۆ ناو خاکی تورکیا.

سەرچاوەیەکی خۆجێیی رایگەیاند، جەندرمەی تورکیا لەکاتی سەرکەوتن بەسەر دیواری سنووری گوندی “خربەت ئەلجۆز” لە رۆژئاوای ئیدلب، تەقەیان لەو کۆچبەرە سڤیلانە کردووە و 13 کەسیان لێ دەستگیرکردوون، کە ژنێک و کیژۆڵەیەکی تەمەن 16 ساڵیان تێدابوو.

ئەو سەرچاوەیە بۆ نۆرس پرێس ئاماژەی بەوەشکرد، جەندرمە دەستگیرکراوەکانیان گواستووەتەوە بۆ ناوەندی دەستبەسەرکردن لە شاری عەنتابی تورکیا.

بەپێی سەرچاوەکانی نۆرس پرێس، لە سەرەتای مانگی ئابەوە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لەلایەن هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیاوە دەستبەسەرکراون، گەیشتووەتە 38 کەس.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: ئەحمەد عوسمان