بەڕێوبەری خۆسەری وەڵامی لێدوانێکی ئەمریکا دەداتەوە دەربارەی گۆڕانکاری دیموگرافی لە عەفرین

قامشلۆ – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ هەینی، بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، ئەو لێدوانەی ئەمریکا رەتدەکەنەوە و بە “نادروست و ناواقیعی” دەزانن، کەوا رایانگەیاندبوو گۆڕینی دیمۆگرافی لە عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان بوونی نییە!.

دوو رۆژ لەمەوبەر، ماسیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، رەتیکردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی لە ناوچەی عەفرین روویدابێت، کە تورکیا بە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی، بە یاوەری میلیشیا چەکدارەکانی دڵسۆزیان، لە ساڵی 2018دا داگیریان کرد .

یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان باسی نیازی تورکیای کرد بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریا بۆ ناوچەی عەفرین و رایگەیاند کە، کورد ئەوە بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری دیمۆگرافی تۆمەتبار دەکەن، میلەر لە وەڵامدا سوپاسی تورکیای کرد بۆ میوانداریکردنی سورییەکان و جەختکردنەوە لەسەر گەڕانەوەی خۆبەخشانەیان، دواتر رۆژنامەنووسەکە پرسیارەکەی دووبارە کردەوە سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەو بابەتە وەک گۆڕانکارییەکی دیمۆگرافی دەبینێت یان نا، بەرپرسە ئەمریکییەکە بە “نا” وەڵامی دایەوە.

بەدران چیاکورد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوبەری خۆسەری، گوتی: “ئەو لێدوانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نادروستە و هەڵوێستێکی سیاسی و نادادپەروەرانە و دژبەیەکانەیە، کە بەشدارە لە ئاڵۆزکردنی زیاتری دۆخەکە، بە هەماهەنگییەکی روون لەگەڵ داواکارییەکانی تورکیا”.

چیاکورد لە رێگەی تویتێکەوە لە ماڵپەڕی “X”( تویتەری پێشوو)  سەبارەت بە بەرزکردنەوەی نەخشەیەک لە لایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیاوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان، و قسەکانی سەبارەت بە گەڕانەوەی سێ ملیۆن سوری، کە عەفرینیش لە نەخشەکەدا هەبوو، رایگەیاند، کە ئامانجی سەرەکی ئەو پلانە “نەهێشتنی بوونی کورد بووە بە جێبەجێکردنی گۆڕانکارییەکی هەمەلایەنەی دیمۆگرافی لە ناوچەکەدا.”

داوای کرد هەڵوێستی رێگریکردن بەرامبەر بە کردەوەکانی تورکیا بگیرێتەبەر و پرۆسەکانی گۆڕانی دیمۆگرافی لە عەفرین رابگیرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش