قەیرانی بەنزین لە گرێ سپی و سەرێ کانیێ سەریهەڵدا

گرێ سپی – سەرێ کانیێ – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، لەو ناوچانەی رۆژئاوای کوردستان کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی دڵسۆزی تورکیاوە داگیرکراون، بەتایبەت لە گرێ سپی و سەرێ کانیێ، قەیرانی توندی بەنزین سەریهەڵدا، ئەمەش بووە هۆی ئیفلیجکردنی جووڵەی ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێل لەو ناوچانە.

سەرچاوەیەکی تایبەت کە بەهۆکاری ئەمنی، ئامادە نەبوو ناوی ئاشکرا بکات، بە نۆرس پرێسی گوت، “کەمیی بەنزین دەگەڕێتەوە بۆ راگرتنی هاوردەکردنی لە تورکیاوە بۆ ناوچەکە لە دووشەممەی رابردووەوە، بێ ئەوەی هۆکاری راگرتنەکە بزانرێت، هەرچەندە ئەنجومەنە ناوخۆییەکان بەڵێنیاندابوو بە دەستپکردنەوەی هاوردە لە ماوەی چەند رۆژێکدا، بەڵام تا ئێستا بەڵێنەکەیان جێبەجێ نەکردووە”

ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەوەی دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، قۆرخکاریی بەنزینی بەردەست بوو لەناو یەدەگەکاندا لە هەندێک وێستگەی سەر بە سەرکردەکانی ناو “جەیش وەتەنی” و خراپ بەکارهێنانی بۆ بازرگانیکردن پێیوەی، لە ژێر رۆشنایی پشتگوێخستنی رێکارەکانی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە .

ئەمڕۆ لەو ناوچانە، نرخی لیترێک بەنزین گەیشتە 8 هەزار لیرەی سوری، بە بەراورد بە نرخی ئاسایی دووشەممەی رابردوو 2500 لیرە بۆ هەر لیترێک زیادی کردووە و تا ئێستاش هیچ لێدوانێک و روونکردنەوەیەک لەلایەن ئەنجوومەنە خۆجێییەکانەوە نەدراوە، سەبارەت بەم قەیرانەی بەنزین، بە گوتەی هەمان سەرچاوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم قەیرانە بووەتە هۆی چالاکبوونی جموجۆڵی ئەو کەسانەی کە بە قاچاخ بەنزین لە ناوچەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات “رۆژئاوای کوردستان”ەوە بەرەو ئەو ناوچانە دەهێنن، بەڵام کوالیتی بەنزینەکە خراپە و بڕەکەی کەمە بەهۆی سەختی بەقاچاخ هێنانیەوە لە رێگەی میحوەرەکانی (تەروازیە، سگیر و باکووری رەققە)وە.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی