داعش کوژرانی خەلیفەکەی لە گوندەواری ئیدلیب راگەیاند

ئیدلیب – نۆرس پرێس

دوێنێ پێنجشەممە، ئەبو حوزەیفە ئەلئەنساری، گوتەبێژی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)، کوژرانی خەلیفەکەی “ئەبوحوسێن ئەلقورەیشی”، لە شەڕێکدا لە گوندەواری ئیدلب راگەیاند، بەبێ ئەوەی کاتەکەی دیاری بکات، هەروەها دیاریکردنی “ئەبو حەفس هاشمی ئەلقوڕەیشی” وەک خەلیفەی نوێی رێکخراوەکە راگەیاند.

ئەلئەنساری لە تۆمارێکی دەنگیدا لە رێگەی ناسێنەرە نزیکەکانی سەر بە رێکخراوەکەوە لە کەناڵی تێلێگرام، رایگەیاند کە “ئەلقوڕەیشی لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ گروپە چەکدارەکان لە گوندەواری ئیدلب کوژراوە”، بە بێ ئەوەی ئەوە بخەنەڕوو کە ئەو “گروپە چەکدارانە” کێن.

ئاماژەی بەوەشکرد، گروپە چەکدارەکان گوتەبێژی پێشووی رێکخراوەکەیان بەناوی “ئەبو عومەر ئەلمهاجیر” لەگەڵ گروپێکی دیکەی ئەندامانی داعشدا دەستگیرکردووە.

ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سوریا لە دوای شکستی ئەو داعشەوە لە ساڵەکانی 2017 لە عێراق و 2019 لە سوریا، بوونەتە پەناگەیەکی سەقامگیر بۆ خەلیفە و سەرکردەکانی “داعش”، بەو پێیەی زۆربەیان لەو ناوچانە دەکرێنەئامانج.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی