“بەرەی نوسرە” سێ دەستگیرکراو لەسێدارە دەدات
ئیدلیب – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرچاوە تایبەتەکان بۆ نۆرس پرێس ئاشکرایان کرد کە دەستەی تەحریر شام (بەرەی نوسرەی پێشوو) سێ دەستگیرکراوی بە تۆمەتی “کرێگرتەیی” لەسێدارەداوە، کە لەنێویاندا سەرکردەیەکی پێشووی خۆیان هەبوو، دوای دادگاییکردنێکی نهێنی بەبێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان لەسێدارە دراون.
ئەو سەرچاوانە باس لەوەش دەکەن کە لەسێدارەدانەکە لە حەوشەی زیندانی ناوەندی لە گوندەواری رۆژئاوای ئیدلب بە ئامادەبوونی “ئەبو ماریا ئەلقەحتانی” بەرپرسی ئەمنی دەستەکە و بە فەرمانی “ئەنجوومەنی شورا” ئەنجامدراوە، هەروەها تا ئێستا چارەنووسی دەستگیرکراوەکانی دیکەش کە بە هەمان تۆمەت گیراون، نادیارە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو سەرکردەیەی کە لەسێدارە دراوە، رەجا ئەلسەیاز بووە کە نازناوی “ئەبو حەسەن ئەلحورانی”ی پێدراوە، ساڵ و نیوێک لەمەوبەر لەلایەن دەزگای ئەمنی دەستەکەوە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ “رژێمی سوریا” دەستگیرکراوە، دوای ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی دیکە لە ئەندامانی دەستەکە لە ناوچەی جسر ئەلشوغور، یاخی بوون لە فەرمانی سەرکردەی دەستەکە، “ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی” و هەوڵیاندا پەیوەندی بکەن بە گروپێکی دیکەوە.
ئەو سەرچاوانە رایانگەیاند، کە تەرمەکان لە شوێنێکی نادیاردا بە خاک سپێردراون، هاوکات بەردەوامن لە بەتەمومژاویکردنی زانیارییەکان لەسەر دەستگیرکراوەکانی دیکە.