ساڵح موسلیم: روسیا رێگرنییە له هێرشی درۆنەکانی تورکیا بۆسەر کوردەکان
هەولێر – نۆرس پرێس
ساڵح موسلیم، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکراتیکی کوردی سووریا “پەیەدە” لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی هەواڵی ئەمریکی ئەلمۆنیتەر ڕایگەیاندووە کە ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی تورکیا بۆ سەر کوردانی سووریا هەڵوەشێنراوەتەوە لەبەر ئەوەی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕوسیا نە لە لوتکەی تاران و نە لە کۆبونەوە تایبەتەکەیدا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا لە سوچی، ڕەزامەندیی بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینیی تورکیا بۆ سەر کوردانی سوریا دەرنەبڕیوە. ههروهها بوونی چەندین هێز لەوان هێزی ڕووسیا و سووریا و چەند هێزی دیكه له باكوور و باكووری رۆژههڵاتی سووریا ئاستهنگی له بەردەم ئۆپهراسیۆنی زهمینیی توركیا دروست كردووه.
بەم حاڵەیشەوە ساڵح موسلیم جەختی لەوە کردەوە کە ئەردۆگان کەسایەتیەکی ناجێگیرە و لەوانەیە فەرمانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی زەمینی لە دژی کوردەکانی سوریا دەربکات.
ناوبراو سەبارەت به دانوستانەكانی نێوان كورد و حكوومەتی ناوەندیی سوریا رایگەیاند كه له ماوەی دانوستانەكانی نێوان هەردوولا هیچ گفتوگۆیەكی سیاسی نەبووه و ئەوەی روویدا تەنها دانوستان لەسەر پرسی سەربازی بوو.
ساڵح موسلیم جەختی كردەوە كە بەهۆی پێداگریی حكوومەتی سووریا لەسەر كۆنتڕۆڵ كردنی تەواوەتی ناوچەكانی ژێر كۆنترۆڵی كوردی سووریا، دانوستانەكانی نێوان كوردو دیمەشق هیچ پێشكەوتنێكی بەخۆیەوە نەبینیوە. جەختیشی لەوە کردەوە کە کوردەکان ڕەخنەیان هەیە سەبارەت بەشێوازی حوکمڕانی سووریا.
ساڵح موسلیم سەبارەت بە داواكارییەكانی كوردانی سوریا، وتی “ئێمە دەمانەوێت ئیدارەی خۆسەری کوردی لە چوارچێوەی دەوڵەتی یەكگرتووی سووریادا بپارێزین. کورد چاوەڕێی ئەمە دەکات کە دان بە زمان و ڕەگەز و مافەکانیدا بنرێت دەیەوێت لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا بەناوی سوریا بژیت”.
ئەم بەرپرسە باڵایەی كوردی سووریا سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان كوردی سووریا و ئەمریكا رایگەیاند، ئەم پەیوەندییە لەبارەی شەڕی داعشەوەیە، كوردیش چاوەڕێی ئەوە ناكات ئەمریكا بیانپارێزێت، بەڵكوو كورد تەنها پشت بەخۆی دەبەستێت بۆ پاراستنی خۆیان.
لەبارەی وابەستەیی ئیدراەی خۆسەری کوردستانی سووریا بە پەکەکەوە، ساڵح موسلیم ڕایگەیاند: کوردی سووریا و ناوەندەکانیان پێوەندییان بە پەکەکەوە نییە و فەرمانیش لەو گرووپە وەرناگرن.
جەختیشی لەوە کردەوە کە تۆمەتبارکردنی وابەستە بوونی دامەزراوە کوردییەکان لە سوریا بەپەکەکەوە، بیانووی تورکیایە بۆ پەلاماردانی کوردانی سوریا.