دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی دوو ئەندامی “داعش”ی راگەیاند
هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی دوو ئەندامی “داعش”ی لە سلێمانی و خانەقین راگەیاند.
بە گوێرەی راگەێنراوێک کە دەزگاکە بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لەو ئەندامانەی “داعش” لەنزیک قەزای خانەقین بە هاوکاریی ئاسایشی گەرمیان و ئەوی دیکەشیان بە هاوکاریی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراون.
لە راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، “دوای بەدەستگەیشتنی زانیاریی هەواڵگری لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق، لەسەر دوو داواکراو بە ماددەی 4ی تیرۆر، دەستبەجێ دەستکرا بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد و زانیاری بەدەستهات لەسەر شوێنی نیشتەجێبوونی داواکراوان، دوو ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتوو بۆ دەستگیرکردنیان ئەنجامدرا.”
وەکو ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێداوە، رۆژی 24-07-2023 هێزەکانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایش بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، داواکراو (م. م. گ) “کە لە باخێکدا لەنزیک (قەزای خانەقین) بەبێ ئاگاداریی دەزگا ئەمنییەکان خۆی حەشاردابوو، دەستگیرکرا.”
هەروەها لە رۆژی 27-07-2023 بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی، داواکراو (ح. م. ص) “کە ئامر مەفرەزەی داعش بووە،” دەستگیرکراوە.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، داواکراوان بە ماددەی 4ی تیرۆر رادەستی یاسا کران.