هەولێر – نۆرس پرێس
لە 3ی ئابی 2014دا و لەرۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا، لە ناوچەی شەنگال لە هەرێمی کوردستان، کارەساتی جینۆسایدێکی ئێزیدییەکان لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرا.
جینۆساید بووە هۆی دەرکردن و هەڵاتن و دەربەدەربوونی ژمارەیەکی بێشووماری کوردانی ئێزیدی.
هەزاران ژن و کچی ئێزیدی لەلایەن داعشەوە بە زۆر کران بە کۆیلەی سێکسی و هەزاران پیاوی ئێزیدیش کوژران. جینۆساید دوای کشانەوەی هێزەکانی عێراق و چۆڵکردنی ناوچەکانی موسڵ دەستی پێکرد ، کە ئێزیدییەکانی بێ بەرگری مانەوە.
کوشتاری داعش بۆ سەر ئێزیدییەکان سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بەدەستهێنا و بووە هۆی دەستوەردانەکانی ئەمریکا لە عێراق، کە ئەمەش بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر داعش دەستیپێکرد. سەرەڕای ئەوەش، ئەمریکا و بەریتانیا و ئوسترالیا فڕۆکەیەکی فریاگوزارییان بۆ ئێزیدییەکان نارد کە بەرەو زنجیرە شاخێک هەڵهاتبوون.
تا ساڵی 2015 کردەوەکانی داعش دژی کوردانی ئێزیدی، نزیکەی 500 هەزار پەنابەری لێکەوتەوە.
ئەم تاوانە، لەلایەن چەندین ئۆرگانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نیشتمانی و فرەنەتەوەییەکانەوە بە فەرمی بە جینۆساید ناسێنراوە.
دوێنێ سێشەممە، حکومەتی بەریتانیا بەفەرمی تاوانەکانی “داعش” لە ساڵی 2014دا کە دژ بە هاوڵاتیانی ئێزیدیی ئەنجامیاندا، بە “جینۆساید” ناساند.
لە سەرەتای ئەمساڵدا، پەرلەمانی ئەڵمانیا، “بوندستاگ”، تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی لە دژی ئێزیدییەکان لە عێراق بە جینۆساید ناساند و کۆمەڵێک رێکاری پشتیوانی بۆ ئێزیدییەکان پێشنیار کرد.
لە هەفتەی پێشووشدا، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەێنراویکی گوتی:”شانشینی بەریتانیا بە فەرمی دانی بەوەدانا کە داعش لە ساڵی 2014دا جینۆسایدی دژ بە ئێزیدییەکان ئەنجامداوە”.
هەروەک تاریق ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بریتانیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رایگەیاند، “ئێزیدییەکان نۆ ساڵ لەمەوبەر ئازاری زۆریان بەدەستی داعشەوە چەشت و کاردانەوەی ئەوەش تا ئێستاش ئامادەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “دادپەروەری و لێپرسینەوە دوو کاری سەرەکین لە پیناو ئەو کەسانەی ژیانیان لێ تێکدرا”.
حکومەتی بەریتانیا رایگەیاند، کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ لەناربردنی یەکجارەکی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”.
بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی هەرێمی کوردستان، لەوکاتەدا کە داعش هێرشی کردە سەر شەنگال لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 6000 هاوڵاتی ئێزیدییان رفێنراون و تا ئێستاش ژمارەیەکیان بێسەروشوێنن.
بەپێی ئەو ئامارەکانی رۆژانی یەکەمی هێرشەکەی داعش بۆ سەر ناوچەکانی کوردانی ئێزدی هەزار و 293 کەس گیانیان لەدەستداوە.
رفێنراوانی کوردانی ئێزدی بە ژمارە، رفێنراو: 6417 ، کچ: 3548 ، کوڕ: 2869، ژمارەی رزگارکراوانی دەستی داعش: 3509 کە بەمشێوە دابەشبوون، ژن :1192، پیاو: 337، منداڵی کچ: 1033 ، منداڵی کوڕ: 947
شەڕی داعش جگە لە ئاوارەکردنی کوردانی ئێزدی لە ناوخۆی وڵات و ناچارکردنیان بە جێهێشتنی ناوچەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات، بووە هۆی ئەوەی نزیکەی نیو ملیۆن کوردی ئێزدی کۆچبکەن و ناوچەکانی خۆیان بەجێبهێڵن.
چەکدارانی داعش هێرشیان کردبێتە سەر هەر شوێنێک، مەزارگە یان پەرستگەی کوردانی ئێزدیی لێبووبێت تەقاندوویانەتنەوە، بەجۆرێک تاوەکو دەسەڵاتیان لە شنگال و دەوروبەریدا هەبوو، 68 مەزاریان تەقاندوونەتەوە.
پێش شەڕی داعش لە شنگال، ژمارەی کوردانی ئێزدی 550 هەزار کەس بووە؛ بەگوێرەی نوێترین ئامار، لەو ژمارەیە نزیکەی 120 هەزاریان چوونەتە دەرەوەی وڵات و زیاتر لە 135 هەزار کەسیشیان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش، کە ئابی 2023 تۆمار کراوە، تائێستا 83 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی و ژمارەیەک گۆڕی تاکەکەسی لە شنگال دۆزراونەتەوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی هێرشی داعشەوە لە 3ی ئابی 2014دا رفێندراون، 6417 کەس بوون؛ 3548 کەسیان لە رەگەزی مێ و 2869 کەسیان لە رەگەزی نێر بوون.
لەو ژمارەیە 3570 کەسیان رزگار کراون؛ 1208 ژن، 339 پیاو، 1066 منداڵی کچ و 957 منداڵی کوڕن.
لە ئامارەکەی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعشدا هاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی شەڕی داعشەوە شەهیدبوون نزیکەی 5000 کەسن.
نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی دەڵێت، داعش کاتێک شنگال و دەوروبەری داگیرکردووە 68 مەزارگەی لەنێوبردووە.
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش لە 3ـی ئابی 2014دا 550 هەزار کەس بووە. لە ئامارەکەدا هاتووە، ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
ئەمڕۆ لە یادی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی لە شنگال، بەرێز مەسعود بارزانی، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، “رێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان، باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت.”
لە پەیامەکەیدا سەرۆک مەسعود بارزانی دەڵێت، دوای نۆ ساڵ لە تێپەڕینی كارەساتی شنگال “بەداخەوە برینەكانی شنگال ساڕێژ نەكراون و ئازار و نەهامەتی و ئاوارەیی خوشك و برایانی ئێزیدی هەر بەردەوامە.” ئاماژەی بەوەش کردووە، “جێگەی پرسیارە، بۆچی تائێستا حكومەتی عێراقی نەیتوانیوە رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و، تا كەی حكومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە رێگری لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال بکەن؟”
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی نۆیەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزدی رایگەیاند “پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت.”
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023) دەڵێ هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و “بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.”
هەروەها نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە گوتارێکدا و بەبۆنەی هەمان یادەوە، جگە لە بەرزراگرتنی ئەم یادە، ستایشی ئەو وڵاتانەی کرد کە کارەساتەکەیان بە جینۆساید ناساندووە و داوای ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و هاویشتنی هەنگاوی کردەیی کرد، هەروەک سوپاسی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد بۆ هاوکاریکردنی کوردانی ئێزیدی لەوکاتەدا.