هەولێر- نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە لەبازاڕەكانی جیهان نرخی زێڕ روی لە بەرزبونەوە کرد و بە رێژەی 2% بەرزبووەتەوە لەبەرامبەریشدا بەهای دۆلار بەرامبەر بەدراوە بیانیەكان روی لەدابەزین كردووە.
نرخی زێڕ بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی کە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار و دابەزینی داهاتی گەنجینەی ئەمریکا لە پاش بڕیاری ئاژانسی فیچ تایبەت بە کەمکردنەوەی ریزبەندی قەرزی ئەمریکا، هەر ئەمەش جۆرێک لە دڵەڕاوکێی دروستکرد بەرامبەر ئابوری وڵاتەکە پێش خستنەروی هیچ راگەیاندنێکی فەرمی لەم هەفتەیەدا.
لەدوای گۆڕانكاریەكان، دەستبەجێ نرخی زێڕ لەبازاڕەكان روی لە بەرزبونەوە کرد و بە رێژەی 2% نرخەكەی بەرزبۆوە و یەك ئۆنسە زێڕ لەسەرەتای كردنەوەی بازاڕەكانی ئەمڕۆ گەیشتە 1948.43 دۆلار، هاوكات پاش ماوەیەكی كەمیش لەكردنەوەی بازاڕەكان بۆ 1985.60 دۆلار بەرزبووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی زێڕی جیهانی ئاشکرایکرد، بە گشتی لە جیهاندا خواست لەسەر ئاڵتون رووی لە کەمی کردووە، جگە لە مامەڵەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە دەرەوەی بۆرسەی جیهانی ئەنجام دەدرێن.
هاوشێوەی ئاڵتونیش، زیو بەرزبونەوەی بەخۆوە بینی بە رێژەی 2% گەیشتە 24.37 دۆلار، هاوكات پلاتینیۆم بەجێگیری ماوەتەوە و نرخەكەی 931.01 دۆلارە.