دەستگیرکردنی ئەندامێکی “داعش” لە پارێزگای نەینەوا

هەولێر– نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند کە ئەندامێکی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردووە، هەروەها لە چەند ناوچەیەک دەستیانگرتووە بەسەر چەک و کەرەستەی سەربازیدا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی لە عێراق لە راگەێنراوێکدا، کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی گواستیەوە، رایگەیاندووە، “بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەکان، بۆسەیەکی ورد و درشت لە گوندی ئەلعەریج دانرا و لە ئەنجامدا یەکێک لەو تیرۆریستە داواکراوانە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری لە قەزای حەمام ئەلعەلیل لە پارێزگای نەینەوا دەستگیرکرا و بە شێوەیەکی یاسایی رادەستی لایەنی داواکار کرا”.

ئاماژەیان بەوەشکرد، مەفرەزەکانی هەواڵگری سەربازی، دوای گەڕان و پشکنین، دەستیان بەسەر دوو کۆگادا گرتووە کە چەک و کەرەستەی تێدابووە، یەکەمیان (38) کەرەستەی تەقەمەنی و (50) کیسەی تێدابوو کە مادەی تەقەمەنی C4ی تێدا هەڵگیرابوو، لە ناوچەی ئەلزەنبارییە لە باشووری بەغدا.

راشیانگەیاند، لە کۆگای دووەم (29) تەقەمەنی دۆزرایەوە، لە شێوەی جلیکانەی 20 لیتری کە تی ئێن تی تێدا بوو، لە چواردەووری گوندی ئەلخەشاملەی سەر بە قەزای توزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاح الدین.