بەهۆی ئۆکرانیا و سوریاوە.. رووسیا بەرنامەی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنی ئاسایش لە لایەن ئەمریکاوە رەتدەکاتەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رووسیا دژایەتی خۆی بۆ ئەو بەرنامە پێشوەختەیە راگەیاند، کە واشنتۆن لە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایش لە ماوەی مانگی ئابدا بگرێتە دەست، ئەمەش بەهۆی کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە ئۆکرانیا و سوریاوە بوو.

یەکێک لەو خاڵانەی کە ناڕەزایی رووسیای لێکەوتەوە، ئەوەیە کە ئەمریکا ژمارەیەکی زۆری کۆبوونەوەکانی تایبەت بە سوریای لە بەرنامەی کاردا خستوەتەڕوو.

دوێنێ سێشەممە، یەکەم رۆژی مانگی ئاب، ئەمریکا پۆستی سەرۆکایەتیی خولاوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ماوەی یەک مانگ وەرگرت، ئەمەش دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆکایەتی بەریتانیا لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا.

بەگوێرەی ئەو بەرنامەیەی کە ئەمریکا دایناوە، شانبەشانی ئۆکرانیا تیشک دەخرێتەسەر پرسی سوریا، لەوانە پرسەکانی سەرکۆنەکردنی رژێمی دیمەشق، سەبارەت بە حەپی هۆشبەری کاپتاگۆن و پێشێلکارییەکانی دیکەی پەیوەست بە قەیرانی 12 ساڵەوە.

جێگری یەکەمی نوێنەری هەمیشەیی فیدراسیۆنی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دیمیتری پۆلیانسکی، دوێنێ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، پێویست ناکات مانگانە باس لە دۆسیەی کیمیایی بکرێت و دەشڵێت، ” سێ مانگ جارێک بەسە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی لەو شێوەیە (… .) رووسیا پێویستی بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی تایبەت بە لایەنە مرۆیی و سیاسییەکان لە سوریا بە پێویست نازانێت.

ناڕەزایەتی رووسیا پابەندکەر نییە و کاریگەری لەسەر رەوتی دانیشتنەکانی ئەنجومەن لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەمریکادا نییە.

پۆلیانسکی ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ هۆکارێکی فەرمی نییە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئۆکرانیا بخرێتە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بۆ ماوەی مانگێک، چونکە هیچ بڕیارێک لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە بەتایبەتی سەبارەت بە دۆخی ئۆکرانیا  بوونی نییە.

وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەگەری هەیە گفتوگۆیەک لەسەر ئۆکرانیا ئەنجام بدرێت، گوتی، “زۆر پرس هەیە پێویستە ئەنجومەنەکە لەبەرچاوی بگرێت، لەکاتێکدا خستنەڕووی فەرمی پرسی ئۆکرانیا لە بەرنامەی کاردا دەبێتە هۆی بەزاندنی هێڵی سوور”، بەپێی گوتەی دیپلۆماتکارە رووسەکە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر