تۆڕێکی گەورەی قاچاخچێتی دراو لە هەولێر دەستگیرکرا

هەولێر – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنێکدا تۆڕێکی گەورەی قاچاخچی دراویان لە هەولێر دەستگیرکردووە، کە بەسترابوونەوە بە باندێکی گەورەترەوە و لە رێگەی ئەوانەوە دراو بە قاچاخ دەبرایە دەرەوە و پارە سپی دەکرایەوە.

راشیگەیاند کە هەماهەنگيیەکی زۆر لە نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، بۆیە بە هاوکاری هەولێر، توانیومانە باندێکی گەوەرەی سپیکردنەوەی پارە دەستگیربکەین.

ئاشکراشیکرد، یەکێک لە ئەندامانی باندەکە لە ساڵی 2001ەوە سزای زیندانی هەتاهەتای بەسەردا سەپێندرابوو بەهەمان تۆمەتت.

هەروەها دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، تۆڕێكی گەورەی قاچاخچێتی بە دۆلار لە هەولێر دەستگیركرا، کە كۆمپانیای خەیاڵییان دروستكردووە و دۆلاریان بردووەتە دەرەوەی عێراق، كە لە 11 كەس پێكهاتبوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە ئەو تۆڕە 14ملیۆن دۆلار و 5 ملیۆن دیناریان پێگیراوە.