بەریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا دەنێت

هەولێر – نۆرس پرێس

رۆژی سێشەممە بەریتانیا بە فەرمی دانی بەوەدانا کە ئێزدییەکان لەسەر دەستی ڕێکخراوی تیرورستی داعش تووشی جینۆساید بوون و دانپێدانانەکەش دوو ڕۆژ پێش یادی نۆیەمین ساڵیادی جینۆسایدەکە دراوە.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکدا، ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ حکومەت دانی بەوە ناوە کە رێکخراوی تیرورستی داعش لە ساڵی 2014دا جینۆسایدی لە دژی ئێزیدییەکان ئەنجامداوە.

تاریق ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لە ڕێگەی هەژماری خۆیەوە لە سایتی “X” لە تویتەر ڕایگەیاندبوو، کە رەزامەندییەکە پێش یادی نۆیەمین ساڵیادی کارەساتەکە دراوە کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرورستی داعش دژی ئێزیدییەکان ئەنجامدرا.

لە 3ی ئابی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر قەزای شەنگال کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی ئێزیدین، قەزایشنگال دەکەوێتە سنوری پارێزگای نەینەوا لە باکووری ڕۆژئاوای عێراق و زنجیرەیەک کۆمەڵکوژی تێیدا ئەنجامدراون و داعش بە هەزاران ژن و منداڵی ڕفاند، کە تا ئێستاش چارەنووسی بەشێکیان نادیارە.

وەزیری بەریتانیا وتی، سەرەتای ئەمساڵ لە عێراق بە چاوی خۆم بینیم کە چۆن کاریگەریی ئەم تاوانە قێزەونانە تا ئەمڕۆش بوونی هەیە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: هۆزان زوبێر