لە دابەزینێکی ئاسمانیدا.. ئاسایشی رۆژئاڤا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرپرسێکی دارایی “داعش” دەستگیردەکەن
دێرەزوور – نۆرس پرێس
هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای کوردستان رایانگەیاند، لە بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممەدا، لە دێرەزووری رۆژئاوای کوردستان، بە پشتیوانی و پاڵپشتی کۆپتەرەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەرپرسێکی دارایی “داعش”یان دەستگیرکردووە.
“ئاسایشی رۆژئاڤا” لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کاروانەسەربازییەکانی یەکەتایبەتەکانی ئاسایش “H.A.T”، بەپاڵپشتی ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە بەرەبەیانی دوێنێدا هەڵیانکوتایە سەر کۆشکی ئەمیرێکی “داعش” لە گوندەواری باکووری دێرەزوور، کە بەرپرسیار بوو لە دابینکردنی دارایی بۆ ئەندامانی رێکخراوەکە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانەکانیان بۆ بەئامانجگرتنی ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئاسایشەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە بە شێوەی دابەزینی ئاسمانی ئەنجامدراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، یەکە تایبەتەکانی ئاسایش ئەو بەرپرسە داراییەیان دەستگیرکردووە، کە چەک و کەرەستەی پەیوەندییەکردنی پێبووە.