ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
دوێنێ شەو، لە یاریگای نێودەوڵەتی شەعب لە بەغدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی یانەی هەولێردا دوای ئەوەی سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی حدوود بەدەستهێنا، گەیشتە یاریی کۆتایی جامی عێراق و بڕیارە رۆژی سێشەممەی داهاتوو، بەرامبەر براوەی یاریی نێوان هەردوو یانەی قوەجەوییە و کەرخ یاری کۆتایی ئەو جامە ئەنجام بدات.
لە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، هەولێر لە بەغدا رووبەڕووی یانەی حدوود بووەوە و یارییەکەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردەوە و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
پاش پیشاندانی ئاستێکی بەرز لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا، لە نیوەی دووەمی یارییەکەدا یانەی هەولێر بەردەوام بوو لە هێرشەکانی و لە خولەکی 52دا مەحموود خەلیل، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ زەردپۆشەکان تۆمارکرد و هەولێری پێشخست، و سەرەڕای هەوڵەکانی یانەی رکابەر بۆ بەرامبەرکردنەوە، بەڵام یارییەکە بە گۆڵێکی بێبەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی هەولێر کۆتاییهات.
بەبۆنەی سەرکەوتنی یانەی هەولێر بۆ یاری کۆتایی جامی عێراق، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پیرۆزبایی لە یانەکە و سەرجەم یاریزانان کرد و هیوای سەرکەوتن و بەدەستهێنانی پاڵەوانێتییەکەی بۆ یانەی هەولێر خواست و پشتیوانیی خۆشی بۆ یانەی هەولێر دووپاتکردەوە.