هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمرۆ دووشەممە، 31ی تەمموزی 2023، دوو کەس لە ستۆکهۆڵم لەبەردەم پەرلەمان، لاپەڕەکانی قورئانیان سووتاند.
سیلوان مۆمیکا و سیلوان نەجم ئەو دوو کەسە بوون کە پێیان خستە سەر “قورئان” و دواتر سووتاندیان، وەک چۆن لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیراندا لە بەردەم مزگەوتی سەرەکی ستۆکهۆڵم یەکەم جار ئەو کارەیان ئەنجامدا.
بەپێی میدیا ناوخۆییەکانی ئەو وڵاتە، پۆلیسی سوید مۆڵەتی ئەوەی دابوو بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لەبەردەم پەرلەمان، کە ڕێکخەرانی بەنیازن “قورئان بسوتێنن”.
رۆژنامەی “ئیکسپرێسن” لە زاری سیلوان نەجمەوە بڵاویکردووەتەوە، “بەردەوامدەبم لە سووتاندنی قورئان تاوەکو ئەو کاتەی قورئان لە سوید قەدەغەی دەکەن”.
پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان سوید و ژمارەیەک وڵات لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا گرژی و ئاڵۆزی بەخۆیەوە بینی، دوای ئەوەی پۆلیسی سویدی مۆڵەتی خۆپێشاندان و سوتانی “قورئانی پیرۆز” سیلوان مۆمیکا دابوو.
رۆژی 20ـى تەممووز، سیلوان مۆمیکا، پەناخوازی کریستیانى عێراقى لە سوێد لەبەردەم باڵیۆزخانەى عێراق لەو وڵاتە بێڕێزى بەرامبەر بە “قورئانی پیرۆز “و ئاڵاى عێراق و وێنەى چەند سەرکردەیەکى شیعە کرد، پیشترش لە 28ی حوزەیران کۆپیەکى قوئانى سووتاند.
جگە لەوەش حکومەتی دانیمارک رۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لە رێگا یاساییەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان کە لە هەندێک بارودۆخدا سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان دەگرێتەوە.
ئۆلف کریستسۆن سەرۆک وەزیرانی سوید ئاشکرایکرد کە وڵاتەکەی دەستیان بە هەندێک ڕێکار کردووە، بۆ رێگریکردن لە سوتاندنی کتێبە پیرۆزەکان.