رووسیا بەرکەوتنی ئاسمانی لەگەڵ ئەمریکا لە سووریا راگەیاند و دەڵێ “ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک”

دیمەشق – نۆرس پرێس

وەزارەتی بەرگری رووسیا ئەوەی راگەیاند، کە بە “پێشێلکاری”ی ئەمەریکا لە ئاسمانی سوریا ناویبرد، لە ماوەی مانگی تەمموزدا ، هاوکات ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ئەو وڵاتە رایگەیاند کە نایەوێت رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ئەمەریکا رووبدات، بەڵام “ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک”.

جێگری سەرۆکی سەنتەری ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، ئۆلێگ گۆرینۆڤ، رایگەیاند کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا 340 جار لە ماوەی مانگی تەمموزی 2023 دا سەلامەتی ئاسمانیان لە سوریا پێشێل کردووە.

ئەو بەرپرسە رووسییە لە راگەێنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هاوپەیمانان لە ساڵی 2023 دا 1752 گەشتی ناهەماهەنگیان لەو ناوچانە ئەنجامداوە، کە بە پرۆتۆکۆڵی “بەرنەکەوتن” دیاریکراون، لەو ژمارەیەش 340 گەشتیان لە مانگی تەمموزی 2023 دا بووە.

لە راگەێنراوێکی جیادا، ناوەندی رووسیا ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 23 رووداوی فڕین یان “بەرکەوتنی ئاستێکی مەترسیدار”یان لەگەڵ فڕۆکە ئەمریکییەکان تۆمار کردووە.

گۆرینۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی ئەم رووداوانەدا فڕۆکەکانی رووسیا بەر سیستەمی رێنماییکردنی چەک کەوتوون، ئەمەش بووەتە هۆی بەکارخستنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئۆتۆماتیکی و تەقەکردن لە ئامانجە گەرمییە ساختەکان، بەپێی راگەێنراوەکە.

گۆرینۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، دوو رووبەڕووبوونەوەی نزیک لە مانگی نیساندا، یەکێک لە مانگی ئایار، چوار لە مانگی حوزەیران و پێنج رووبەڕووبوونەوەی لە مانگی تەمموزدا روویانداوە.

هەر ئەم بەریەککەوتنە ئاسمانیانە بووە هۆی ئەوەی پوتین لێدوان بدات، شەوی رابردوو، کاتێک رایگەیاند کە نایەوێت رووبەڕووبوونەوە رووبدات، بەڵام گوتی کە “ئامادەن بۆ هەر سیناریۆیەک”.

پوتین گوتی: “ئێمە هەمیشە ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک، بەڵام کەس ئەوەی نایەوێت، بە دەستپێشخەری لایەنی ئەمریکی، جارێک میکانیزمێکی تایبەتمان دروستکردووە، بۆ ڕێگریکردن لەو جۆرە رووبەڕووبونەوانە”.

پوتین ئاماژەی بەوەشکرد، “سەرۆکی چەند بەشێکی فەرمانگەکانی رووسیا راستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ یەکتردا دەکەن، بۆ راوێژکردن لەسەر هەر دۆخێکی قەیراناوی و ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کەس نایەوێت هیچ پێکدادانێک رووبدات”.

ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی رووسیا لە سووریا جەختی لەوە کردەوە کە “بەبەردەوامی ژمارەی رووبەڕووبوونەوە مەترسیدارەکان لە فڕۆکەکانی هاوپەیمانانەوە زیادی کردووە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر