درۆنێکی تورکیا شارۆچکەی تلرەفعەت دەکاتە ئامانج
گوندەواری حەڵەب – نۆرس پرێس
بەپێی سەرچاوە سەربازییەکان، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، درۆنێکی تورکیا شارۆچکەی تلرەفعەت لە گوندەواری حەڵەب کردە ئامانج و زیانی ماڵی لێکەوتووەتەوە.
سەرچاوەیەکی ناوخۆیی لە شارۆچکەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بۆردومانەکە خانوویەکی لە چواردەووری شارۆچکەکە کردووەتەئامانج و تەنها زیانی ماڵی لێکەوتووەتەوە.
دوێنێ شەممە، بەهۆی بۆردومانێکی تورکیاوە کە شارۆچکەی تلرەفعەتی کردە ئامانج، کەسێک بریندار بوو.
تورکیا بە درۆن بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی گوندەواری باکووری حەڵەب کە هێزەکانی حکومەتی سوریای تێدایە، هەروەها ناوچەی ترەفعەت کە لەلایەن بەڕێوبەری خۆسەرییەوە بەڕێوەدەبرێت. هەینی رابردوو چوار ئەندامی “بەرگریی خۆیی” بە بۆردومانی درۆنێکی تورکیا لە شاری عامودا لە رۆژئاوای قامشلۆ شەهید کران.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بەڕێوبەری خۆسەر بێدەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و لایەنی گەرەنتیدەری رووسیای سەبارەت بە بۆردومانە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی شەرمەزار کرد.