گواردیۆلا: خولی سعودی گۆڕانکاریی ریشەیی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا کردووە
ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
دوێنی شەممە، پیپ گواردیۆلای ئیسپانی، راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی و پاڵەوانی ئینگلتەرا و ئەوروپی، رایگەیاند، خولی سعودی گۆڕانکاریی ریشەیی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا کردووە، پێشبینیش دەکات یاریزانی دیاری زیاتر روو لە یانەکانی سعودیە بکەن.
لەم هەفتەیەدا یاریزانی باڵی یانەی مانچستەر سیتی، ریاز مەحرەزی جەزائیری، بووە دوایین ناوی گەورە، کە بڕوات بۆ خولی سعودیە، کەوا رووی لە یانەی ئەهلی جەددەوە کرد.
مەحرەز، شوێنپێی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و کەریم بنزیمای فەرەنسی و چەندین ئەستێرەی خولە گەورەکانی ئەوروپا گرت، کە بە بڕی 38.6 ملیۆن دۆلار پەیوەندی بە یانەی ئەهلی جد کرد.
هەروەها سادیۆ مانێی سەنیگالی، هێرشبەری بایرن میونشن، شەممە رابردوو رایگەیاند کە لە دانوستاندنەکاندایە بۆ گۆڕینی یانەکەی.
گواردیۆلا لە سەروبەندی یاری دۆستانەی سیتی لەگەڵ ئەتلەتیکۆ مەدریدی ئیسپانی لە سیئۆل گوتی: “خولی سعودی بە تەواوی بازاڕی تۆپی پێی گۆڕیوە”.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ساڵێک لەمەوبەر کاتێک کریستیانۆ رۆناڵدۆ باشترین یاریزان بوو، کەس بەخەیاڵیدا نەدەهات کە ئەو ژمارە گەورەی یاریزانانی ئاست بەرز لە خولی سعودیە یاری بکەن”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوودا زیاتر و زیاتر روو لە خولی سعودی دەکەن.