دوو سیناتۆری ئەمریکی داوا دەکەن سزاکانی سەر سەرکردایەتی ئێران توندتر بکرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسایەکیان بەناوی ژینا ئەمینی چالاکوانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشکرد کە پشتیوانییەکی بەرفراوانی هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماریخواز لە ئەنجومەنی پیرانی لەسەرە بۆ لێپرسینەوە لە سەرکردایەتی ئێران و توندکردنەوەی سزاکانی سەر وڵاتەکە بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە وڵاتەکەدا.

مارکۆ ڕوبیۆ، سێناتۆری کۆماریەکان و ئەلێکس پادیلا سیناتۆری دیموکراتەکان بە ئامانجی سزادانی بەرپرسانی باڵای ئێران پڕۆژە یاسای ژینا ئەمینی و مافی مرۆڤ یان پێشکەش بە ئەنجومەنی پیران کردووە.

لە پڕۆژە یاساکەدا داوا لە جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە هەر 90 ڕۆژ جارێک ڕاپۆرتێکی گشتی بە بڵاوکردنەوەی لە ماڵپەڕەکەدا پێشکەشی کۆنگرێس بکات، سەبارەت بە کەیسەکانی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران.

بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە، سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران پەیوەست بە تیرۆر، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بەرنامەی ئەتۆمی لە دژی ئەو کەسانە و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بەو دۆسیانەوە زیاتر دەکرێن.