هەولێر- نۆرس پرێس
دەسەڵاتدارانی بەرازیل ڕایانگەیاند، لە یاخیبونێکی 24 کاتژمێریدا لە زیندانێکی ئەوپەڕی ئەمنیەت و ئاسایش لە باکوری ئەو وڵاتە 5 زیندانی کوژراون.
حکومەتی ویلایەتی ئاگری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ تا کاتژمێر 7:00ی بەیانی یاخیبونێک لە زیندانێکی ڕیۆ برانکۆی پایتەختی ویلایەتی ئاگری ڕوویدا، کاتێک زیندانییەکان دوای چەندین کاتژمێر دانوستان خۆیان ڕادەستکرد.
یاخیبونەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە 13 زیندانی ویستویانە لە زیندانەکە هەڵبێن، بەڵام پاسەوانەکان ڕێگریان لێکردوون، دوای ئەوە ئەفسەرێکی زیندان و زیندانییەکی بەرپرسی پاککردنەوە بە بارمتە گیراون و هەروەها پێنج زیندانیش گیانیان لەدەستداوە و پۆلیسێک و دوو زیندانی تەقەیان لێکراوە و برینداربون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بڕێکی زۆر چەک لەبەردەستی زیندانیاندا بووە، بەو پێیەی پۆلیس دوای خۆرادەستکردنی زیندانییە یاخیبوەکان دەستیان بەسەر 15 ئامێری کالیبەری بچوک و گەورەدا گرتووە.
وەزیری داد و ئاسایشی گشتی ویلایەتی ئاگری ڕایگەیاند، بەدواداچون بۆ هەمو بارودۆخەکان دەکرێت، هەوڵیش دەدرێت بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە زیندانەکەدا ڕویانداوە.
بەپێی داتاکانی سکرتاریەتی نیشتمانی بۆ سیاسەتە تاوانکارییەکان، ژمارەی زیندانیان لە گەورەترین وڵاتی ئەمریکای لاتین لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی 2022 گەیشتووەتە 643 هەزار و 137 کەس.