گۆتێرێس بۆ عەلی سیستانی: سەرکۆنەی توندڕەوی و دەمارگیری و ئیسلامۆفۆبیا دەکەین

هەولێر – نۆرس پرێس

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامی نامەیەکی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئاینی شیعەکانی عێراقی، لەبارەی سوتاندنی کۆپییەکی قورئانی پیرۆز لە سوید دەداتەوە، لە وەڵامەکەیدا دەڵێ: “ھاوسۆز خۆمان بۆ جیھانی ئیسلامی دەردەبڕێن و سەرکۆنەی کردەوەکانی توندڕەوی و دەمارگیری و ئیسلامۆفۆبیا دەکەین”.

گۆتێرێس لە نامەکەیدا رایگەیاندووە، ھەست بە نیگەرانییەکی زۆر دەکات  لە رووداوی سوتاندنی قورئانی پیرۆز لە ستۆکھۆڵم، کە بووە مایەی خۆپیشاندان لە عێراق لە پشووی جەژنی قورباندا، ھەروەھا سەرکۆنەی کردەوەکانی توندڕەوی و دەمارگیری و ئیسلامۆفۆبیا دەکات، کە بە گوتەی ئەو، دەبێتە مایەی ئاڵۆزکردنی پشێوییەکان و زیادکردنی جیاکاری و توندڕەوی.

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێ، دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان سورە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوەتی بڕیاری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی رق بەرامبەر بە ئاین، کە “ھاندەرە بۆ جیاکاری و توندوتیژی و ناکۆکی”.

راشیگەیاند، نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی ئاژانسەکانییەوە ھانی وڵاتانی ئەندام دەدات، بە سیاسەت و یاساکانیاندا بچنەوە، بۆ دیاریکردنی ئەو بۆشاییانەی لەوانەیە ئاستەنگ بن لەبەردەم رێگریکردن لە بانگەشە بۆ رقی (نەتەوەیی، ئاینی، رەگەزی) و سزادانی ئەنجامدەرانی.