هەولێر- نۆرس پرێس
ئێسکی 45 مرۆڤ لە نزیک دورگەی کیسیرا لە یۆنان دۆزرایەوە و نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەرانیش ئاشکرای دەکات، گومان دەکرێت ئێسکەکان هی کۆچبەرانی نایاسایی بن، چونکە لە ماوەی رابردودا چەندین یەخت لە نزیک ئەو دورگەیە و دەوروبەری ژێر ئاو کەوتوون.
شێخ حسێن حەمەساڵح، نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە ئێسکی 45 مرۆڤ لە ناوچەی دیاکوفت لەلایەن پۆلیسی ناوچەکەوە دۆزراونەتەوە و دواتر ئێسکەکان بە بەلەمێکی سەربازی گواستراونەتەوە بۆ تاقیگەکانی پزیشکی دادوەری لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بۆ ئەوەی بناسرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەماوەی رابردودا دەزگاکەیان پشکنینی DNAی لە کەسوکاری ئەو کەسانە وەرگیراوە کە بێسەروشوێن بوون و سەرجەمیان لە باڵیۆزخانەی عێراق هەیە و باڵیۆزخانەش داویەتی بەلایەنی پەیوەندیدار و چاوەڕوانن ئەنجامەکە رابگەیەنرێت.
نوێنەری دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێت، باوەڕناکەم ئێسکەکان هی ئەو کەسانە بن کە ساڵی رابردوو لە دورگەی سانتۆرینی بێسەرشوێن بوون، چونکە ئەو دورگەیە دوورە لەو شوێنەی کە ئێسکەکانی تیایدا دۆزراوەتەوە، پێدەچێت ئێسکەکان هی بێسەروشوێنبوانی ئەو دوو روداوە بن کە لە دورگەی کیسیرا روویداوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردودا.
دورگەی کیسیرا یەکێکە لە دورگەکانی وڵاتی یۆنان، کە لە چەند ساڵی رابردوودا چەند ڕووداوێک لەو ناوچە روویداوە، دوای پشکنینەکانیش ناسنامەی ئەو کەسانە ئاشکرا دەبێت.