لاوتارۆ مارتینێز: نائومێد بووم لە لۆکاکۆ.. ئۆفەری گەورەم لە سعودییەوە پێگەشتووە

ژووری وەرزش – نۆرس پرێس

لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری یانەی ئینتەرمیلان رایگەیاند کە ئۆفەری گەورەی لە چەند یانەیەکی سعودییەوە بۆ هاتووە، بەڵام ئەو هەر لە میلان دەمێنێتەوە.

ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، نائومێدی خۆشی لە رومیلۆ لۆکاکۆی هاوڕێی پێشووی لە یانەکەی دەربڕی، کە دوای تەواوبوونی خواستنەکەی گەڕایەوە بۆ یانەی چێڵسی.

هاندەران و کاربەدەستانی ئینتەرمیلان لە چەند هەفتەی رابردوودا توڕە بوون لە لۆکاکۆ، دوای ئەوەی رەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی دانوستان بۆ گواستنەوەی بۆ یۆڤانتۆسی رکابەری یانەکەیان، سەرەڕای ئەوەی پێشتر رووبەڕووبوونەوە لەنێوان هاندەرانی خانمە پیرەکە و هێرشبەرە بەلجیکییەکە روویدا.

لاوتارۆ لە لێدوانەکانیدا کە رۆژنامەی ئیتاڵی، “لاگازێتا دیلۆ سپۆرت” بڵاویکردوەتەوە دەڵێ: “لە لۆکاکۆ بێ هیوا بووم… ئەوە راستییە.. هەوڵمدا لەم رۆژانەدا کە ئاژاوە زاڵ بوو پەیوەندی پێوە بکەم، بەڵام وەڵامی نەدامەوە ، وەک چۆن هەمان هەڵوێستی بەرامبەر بە هاوکارەکانی دیکەی هەبووە”.

هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بێهیوا بووم… بەڵام کێشەنییە… ئەوە هەڵبژاردەی خۆیەتی.

لاوتارۆ مارتینێز لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئۆفەری گەورەم لە یانەکانی سعودییەوە بۆ هاتووە.. ئەمە راستە.. بەڵام من زۆر دڵخۆشم لە ئینتەرمیلان و لە شاری میلان، هیچ دەرفەتێک و هۆکارێک نییە بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستام.

لە کۆتاییدا گوتی: “من پێشەنگم لێرە و ئینتەر ماڵی دووەممە، لە رۆژی یەکەمەوە هەست دەکەم لێرە خۆشەویستم، شانازی دەکەم کە لێرەم”.