ئاماری رێژەی مردن و لەدایكبوون لە هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكرێت

هەولێر- نۆرس پرێس

بەپێی سەرچاوەکان، ساڵ بە ساڵ لە هەرێمی كوردستان، مردنی دایكان و منداڵان كەمیكردوە، بە جۆرێك لە ساڵی 2011 تا 2022 مردنی دایكان و منداڵان دابەزیوە، لە كاتێكدا لە وڵاتانی دواكەوتوو یەكێك لە كێشە تەندروستییەكان، بەرزیی ڕێژەی مردنی دایكان و منداڵانە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، لە وڵاتانی دواكەتودا، بۆ هەر 100 هەزار دایكێك لە ساڵی 2020، نزیكەی 430 دایك مردون، بەڵام لە وڵاتانی پێشكەوتودا بۆ هەر 100 هەزار دایك، 12 دایك مردون.

 لەسەر هەمان بنەما، بە پێی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵی 2021، بۆ هەر 100 هەزار دایكێك لە هەرێمی كوردستان، 23 دایك مردون و لە ساڵی 2022 ڕێژەكە زیاتر دابەزیوە و بۆ هەر 100 هەزار دایكێك 16 دایك گیانیان سپاردوە، بەو پێیەش لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی مردنی دایكان کەمترە لە هەریەك لە وڵاتانی سعودیە، توركیا، سوریا، میسر، ئەردەن، عێراق  و لە پێوەری وڵاتانی زۆر پێشكەوتو لە كەرتی تەندروستی و گەشەپێدانی مرۆیی نزیكبوەتەوە.

مەترسیدارترین هۆكارەكانی مردنی دایكان لە كاتی سكپڕی، منداڵبون یان لە دوای كاریگەرییەكانی منداڵبون، بریتین لە خوێنبەربونی توند، هەوكردن، بەرزەفشاری خوێن، لەبارچون. لەم ڕوانەوە كەرتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان بە نەخۆشخانەكانی دایكانەوە، پێهەستانێكی كارایانەیان لە تۆماركردنی نزمترین ڕێژەی مردن لە ساڵی 2022 بینیوە و ڕۆڵیان لە پاراستنی ڕێژەیەكی بەرزی گیانی دایكان هەبوە.

بە پێی داتاكانی وەزارەتی تەندروستیی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە 10 ساڵی ڕابردودا واتە لەساڵانی 2011-2020 ڕێژەی مردنی منداڵان بە بەردەوامی كەم بوەتەوە، بە جۆرێك لە ساڵی 2022 گەیشتوەتە نزمترین ئاستی خۆی، لە ساڵی 2011، ڕێژەی مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 32 منداڵ بووە، مردنی منداڵانی خوار یەك ساڵییش، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 28 منداڵ بوە، هەروەها بۆ منداڵانی خوار یەك مانگی، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 21 منداڵ بوە.

ئاماری مردنی منداڵان بەهۆی پێشكەوتنی زیاتری كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر دابەزیوە.

لە ساڵی 2022، ئاماری مردنی منداڵان بەهۆی پێشكەوتنی زیاتری كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان، زۆر دابەزیوە؛ مردنی منداڵانی خوار پێنج ساڵ بۆ هەر هەزار منداڵێك، 10.2 منداڵ بوە، مردنی منداڵانی خوار یەك ساڵی، بۆ هەر هەزار منداڵێك، 8.7 بوە، مردنی منداڵانی خوار یەك مانگییش بۆ هەر هەزار منداڵێك، 5.8 منداڵ بوە.

بە پێی ئاستی جیهانی كە بۆ هەر هەزار منداڵێك، مردنی 18 منداڵ بووە، هەرێمی كوردستان 5.8ی تۆمار كردوە، بەوەش ڕێژەی مردنی منداڵانی لە پێش وڵاتانی وەكو بەحرێن، ئێران، عێراق و یەمەنەوەیە و لە ڕێژەی قەتەر و ئیماراتەوە زۆر نزیكە.