ژمارەی بانکە ئیسلامییەکان لە عێراقدا گەیشتووەتە 29 بانک

هەولێر – نۆرس پرێس

شارەزایەکی بواری ئابوری ئاشکرایکرد، کە عێراق پێشەنگی وڵاتانە لە ژمارەی بانکە ئەهلییەکان لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاستدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە نەبیل ئەلمرسومی، شارەزای ئابوری رایگەیاند، عێراق لە ژمارەی بانکە ئەهلییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە پلەی یەکەمدایە و کۆی ژمارەی بانکەکان لە عێراق گەیشتووەتە 81 بانک.

ئەو پسپۆڕە ئابورییە ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی بانکە حکومییەکان لە عێراق 7 بانکە، ژمارەی بانکە ئەهلییەکان 74 بانکە.

نەبیل ئەلمرسومی دەڵێت، ژمارەی بانک لە عێراق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزترینە، بەو پێیەی ژمارەی بانکەکانی تورکیا (43)، میسر (41)، سعودیە (31)، ئێران (30)، ئوردن (26)، و جەزائیر (20) بانکە، هەروەها ژمارەی ئەو بانکانەی کە لە وڵاتێکی زلهێزی وەکو بەریتانیا تۆمارکراون تەنها 54 بانکە.

ئەو شارەزایە رونیکردووەتەوە، ژمارەی بانکە ئیسلامییەکان لە عێراق 29 بانکە، ئەوەش بەو مانایەیە کە بانکە ئیسلامییەکان لە عێراق زیاتر لە یەک لەسەر سێی بانکەکانی عێراق پێکدەهێنن.

پێشتر ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردبوەوە، ئەمریکا ڕێگری لە 14 بانکی عێراقی کردووە کە مامەڵە بە دۆلار ئەنجام بدەن.

لە ڕاپۆرتی ڕۆژنامەکەدا هاتووە، ئەو قەدەغەیەی کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی عێراق و بانکی فیدراڵی نیویۆرکەوە سەپێنراوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی هەمەلایەنەدایە دژی گواستنەوەی دراوی ئەمەریکا بۆ ئێران.