“جەندرمە” هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک پەنابەری سوریی کە هەوڵیانداوە بچنە نێو خاکی تورکیا
ئیدلب- نۆرس پرێس
ئەمرۆ چوارشەممە، 26ی تەمموزی 2023، لەو کاتەی ژمارەیەک پەنابەرانی سوریی، هەوڵیاندەدا سنووری سوریا و تورکیا لە رۆژئاوای پارێزگای ئیدلب تێپەڕێنن، پاسەوانانی سنووری تورکیا، “جەندرمە” هێرشیان کردەسەر، دەستدرێژیان کردە سەر دوو پیاو و ژنێک و 5 کەسی دیکەیان دەستبەسەرکرد.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمرۆ، ژمارەیەک کەس لە گوندی خربەت جۆز هەوڵیانداوە سنوری تورکیا تێپەڕێنن و بچنە نێو خاکی ئەو تورکیا، بەڵام لەلایەن جەندرمە هێرش کراوە سەریان، 3 لەو کەسانە کە لە نێویاندا ژنێک هەبووە کەوتوونەتە ژێردەستدرێژی جەندرمەکان و 5 کەسی دیکەش دەستگیرکراون کە لە نێویاندا دوو ژنیان تێدابووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا دەستبەسەرکراوەکان لەلایەن جەندرمە گیراون و مەترسی لە سەر چارەنووسیان هەیە.
بەپێی بەشی چاودێری وبەڵگەکردن لە نۆرس پرێس، دەیان کەس لە کاتی هەوڵدان بۆ پەرینەوە بۆ نێو خاکی تورکیا لە گوندەکانی باکوری رۆژئاوای ئیدلبەوە، لەلایەن جەندرمەوە رووبەرووی لێدان ئەشکەنجەدان دەبنەوە.
هەفتەی رابردوو لە نزیکی گوندی خربەت جۆز لە باکوری رۆژئاوای ئیدلب، لە کاتی هەوڵدان بۆ بەزاندنی سنوور بەرەو تورکیا، دوو کەس برینداربوون و کەسانی دیکەش دەستگیرکران.