لە زیندانی گوایای ئیکوادۆر بەهۆی شەڕەوە 31 زیندانی گیانلەدەستداوە و 14 دیکە برینداربوون

هەولێر – نۆرس پرێس

دەسەڵاتدارانی ئیکوادۆر رایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی بەشی زیندانییانی  گوایا بەهۆی گرژی نێوانیان بۆ 31 زیندانی بەرزبووەتەوە.

ئۆفیسی داواکاری گشتی ئیکوادۆر بڵاویکردەوە، بەشی زۆری زیندانییانی ئیکوادۆر ئەندامی گرووپە جیاوازەکانی بازرگانیی مادەی هۆشبەرن و بەهۆی گرژی نێوانیان لە زیندانی ژمارە یەکی گوایا لە شاری گوایاکولی 31 زیندانی گیانیانلەدەستداوە و 14ی دیکەش برینداربوون. ئەوە لەکاتێکدایە زیندانەکە نزیکەی پێنج هەزار و 600 زیندانی تێدایە، ئەمەش دوای هێرشکردنە سەر دوو هەزار و 700 سەرباز و کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانەکە.

زۆرجار پێکدادان لەنێوان ئەو باندانەی پەیوەندییان بە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانەوە هەیە لە زیندانەکانی ئیکوادۆر روودەدات، وڵاتێک کە لەم دواییانەدا بووەتە یاریزانێکی سەرەکی لە بازرگانی کۆکاین لە ئەمریکای باشوور.

لای خۆیەوە هێزە چەکدارەکان بڵاویانکردەوە، سوپا و پۆلیس رۆژی سێشەممە هەڵیانکوتایە سەر بەندیخانەی گوایا بۆ دامرکاندنی ئەو ئاژاوەگێرییانەی لە رۆژی شەممەوە دەستیپێکرد و سەرەتا شەش کەس لە نێو زیندانییەکاندا کوژران.

لە نێو کوژراوەکاندا تەرمێکی بێ سەر دۆزرایەوە و لە فەرمانێکی حکومەتدا کە رۆژی سێشەممە دەرچوو، باری نائاسایی بۆ ماوەی 60 رۆژ لە سەرجەم زیندانەکانی ئیکوادۆر راگەیەندرا.

حکومەت دووپاتیکردەوە کە “کۆنترۆڵی تەواو”ی بەسەر زیندانی گوایادا گرتووەتەوە کە زیاتر لە پێنج هەزار و 600 زیندانی تێدایە، هەروەها دەستی بەسەر شەش تفەنگ و نارنجۆک هەڵگر و چوار دەمانچە و هەزار گولە تەقەمەنیدا گرتووە.

لە ساڵی 2021ەوە نزیکەی 420 کەس لە زیندانەکانی ئیکوادۆر لە ئەنجامی ئەو شەڕانە گیانیان لەدەستداوە.

فەرمانگەی داواکاری گشتی کردنەوەی لێکۆڵینەوەی تاوانکاری و لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستییەکان بەهۆی “تەقینەوەکان و بری ئەو چەک و تەقەمەنیانەی لەناو زیندانەکەدا دۆزراونەتەوە” راگەیاند.

لەدەرەوەی زیندانەکە، دەیان کەسوکاری زیندانییەکان بۆ پشکنینی سەلامەتییان گردبوونەوە، هەندێکیان لافیتەی سپییان بەدەستەوە بوو کە لەسەری نووسرابوو “ئاشتیمان دەوێت”.

ژنێک کە چاوەرێی هەواڵی هاوسەرەکەی دەکات، بەبێ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا بکات، بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتووە “(دەسەڵاتداران) گرنگی بە زیندانییەکان نادەن، وەک ئەوە وایە (زیندانییەکان) مشک بن، ئەوان مرۆڤن”.

شوێنی شارەکە کە سێ ملیۆن کەسی تێدایە لە کۆی 18 ملیۆن کەسی وڵاتەکە، یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێکی ستراتیژی بۆ ناردنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ ئەمریکا و ئەوروپا.