بەهای دراوی عێراقی و سوری بەرامبەر بە دۆلار بەردەوامن لە دابەزین
هەولێر – نۆرس پرێس
بەهای دیناری عێراقی و لیرەی سوری بەردەوام بوون لە دابەزین بەرامبەر بە دراوەبیانییەکان، لە سوریا یەک دۆلار بە 13,200 لیرە و لە عێراقیش یەک دۆلار بەرامبەر بە 1543 دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە نرخی کاڵا و کەرەستە و کەلوپەلەکان لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان بەڕێژەی 25% بەرزبووەتەوە.
ئێوارەی دوێنێ بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە سوریا و رۆژئاڤا لە دۆخێکی داڕمانی نوێدا داخران، بەرزترین داڕمان لە بازاڕەکانی شاری دێرەزوور تۆمارکرا کە بەهای یەک دۆلار بەرامبەر بە 13,200 لیرەی سوری مامەڵەی پێوەکرا.
هەرەها ئەمڕۆ لەکاتی کردنەوەی بازاڕدا، 1 دۆلار بە 1543 دینار لە بازاڕەکانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستاندا مامەڵەی پێوەدەکرا، لەکاتێکدا دوێنێ بە 1533 مامەڵەی پێوەکراوە.
نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە کاتی داخستنیدا لە قامشلۆ و حەسەکە و رەققە و مەنبیج هەمان نرخیان تۆمارکردووە، بەو پێیەی بەهای یەک دۆلار بۆ کڕین 12900 لیرە و 13100 لیرە بووە بۆ فرۆشتن.
نرخی ئاڵوگۆڕی یەک دۆلار لە دیمەشقی پایتەخت بۆ کڕین گەیشتە 12800 لیرە، بۆ فرۆشتنیش 13100 لیرە بووە.
جگە لەوەش، بازاڕەکان شایەتی گرانبوونی هەموو جۆرە کاڵا و خۆراک و پێداویستییەکان و ئەوانی دیکە بوون کە دانیشتووان پێویستیانە، بە رێژەی 25% لە هەموو ناوچە و شارەکانی سوریا، هەروەها نرخی بەرهەمەکانی نەوت، و کرێ و گواستنەوەش بەرزبوونەوە، لە نێوان بێتوانایی دەسەڵاتدارەکان لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ داڕمانی بەهای دراوی ناوخۆیی و بارگرانی دانیشتوواندا.
لە لایەکی دیکەوە، چاودێرانی ئابووری عێراق، هۆکاری دابەزینی بەهای دینار دەگەڕێننەوە بۆ بڕیارەکەی ئەمریکا کە 19ی ئەم مانگە مامەڵەکردن بە دۆلاری لە 14 بانکی عێراقی قەدەغە کرد و بەوە تۆمەتباری کردن، دۆلاریان بۆ ئەو وڵاتانە ناردووە کە سزای ئەمریکایان لەسەرە.