نوێبوونەوەی ناکۆکیەکانی رۆژئاوا و رووسیا سەبارەت بە هاوکارییەکانی سوریا
دیمهشق – نۆرس پرێس
ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا، بەرپرسیارێتی برسیکردنی ملیۆنان کەس لە سوریا، خستەیانە ملی هەریەک لە “رژێمی سوریا” و رووسیا، کە ئەم دووانە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رەتیانکردەوە مۆڵەتی پەرینەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە دەروازە سنوری باب ئەلهەوا لە سەر سنوری نێوان سوریا و تورکیا درێژبکرێتەوە و داویان کرد کە ئەو هاوکاریانە بە هەماهەنگی لە گەڵ دیمەشق بکرێت.
لیندا تۆماس گرینفیڵد، نێردەی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میانی دانیشتنی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆژی دووشەممەدا 24\7\2023 رایگەیاند، “رووسیا شەری دژی پێداویستی خۆراک لە جیهاندا دەستپێکردووە، کە لێکەوتەی ترسناکی بەدوایەدا دێت، بە تایبەتی بۆ هاوڵاتیانی سوریا”.
گرینفیڵد رایگەیاند، دوای رەتکردنەوەی بریاری پەرینەوەی هاوکاریەکان، دیمەشق دووبارە رایگەیاند کە ئامادەیە رێگە بدات بە پەرینەوەی هاوکارییەکان لە رێگەی باب ئەلهەواوە، ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە ناوچەکە پێویستی بە هاوکاری مرۆی هەیە، بەڵام هەندێک مەرجی داناوە کە قبوڵنەکراون، چونکە ئەگەر هەیە ئەو مەرجانە ببنە رێگری لە فریاگوزاری و کارمەندانی مرۆیی لەنێویاندا کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەخاتە مەترسییەوە.
نوێنەری ئەمریکا ئەو مەرج و داواکارییە “قبووڵنەکراوانەی” کە دیمەشق سەبارەت بە میکانیزمی پەرینەوە دوایکردبوو رەتکردەوە و داوای سەربەخۆیی کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد لە سەر خاکی سوریا لە گەل سەرجەم لایەنەکان قەیرانی ئەو وڵاتە.
گرینفیڵد جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام بێت لە کارپێکردنی ناوەندەکانی وەڵامدانەوە لە دەرەوەی ئەو ناوچانەی کە لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی ئەسەدن بەبێ دەستوەردانی دیمەشق لە کاروباری نەتەوە یەکگرتووەکان و دەسەڵاتە خۆجێییەکان.
لای خۆیەوە، باربارا وودوارد، نوێنەری بەریتانیا لە ئەنجومەنەکەدا، گوتی: “سەرەرای راگەیاندنی دیمەشق کە مۆڵەتی بە نەتەوە یەکگرتووەکان داوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان، بەڵام ئەو مەرجانەی کە داناوە وایکردووە ئەنجامدانی ئەو کارە “ناپارێزراو” بێت”.
نوێنەری بەریتانیا جەختی لەوەکرد، وڵاتەکەی پشتگیری لە گفتوگۆ بەردەوامەکانی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و سوریا دەکات بۆ هەڵگرتنی مەرجەکانی و رێگەدان بە پەرینەوەی هاوکارییەکان.
فەرەنساش هاورابوو لەگەڵ بەریتانیا و ئەمریکا لە پرسی پەرینەوەی یارمەتییەکان بۆ سوریا و وتی کە “نابێت وەڵامدانەوەی مرۆیی جێگەی یەکلاکردنەوەی سیاسی بگرێتەوە.”
نیکۆلاس دی ریڤێر، نوێنەری هەمیشەیی فەرەنسا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، دووبارە گەراندنەوەی سەقامگیری لە سوریا و ناوچەکە تەنیا لە رێگەی چارەسەرێکەوە دەکرێت کە خواستی هەموو سوورییەکان بەدی بهێنێت.
دی ریڤێر گوتی، “ناتوانرێت هیچ ئاساییکردنەوە، ئاوەدانکردنەوە یان هەڵگرتنی سزاکان لەگەل دیمەشق بکرێت، بەبێ جێبەجێکردنی بریاری ئەنجومەنی ئاسایسی نێودەوڵەتی ژمارە 2245”.
لە بەرامبەر ئەم هەموو رەخنانەدا، دیمیتری پۆلیانسکی نوێنەری رووسیا، لە وەڵامەکەیدا رایگەیاند، کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەموو ئامرازە پێویستەکانی لەبەردەستدایە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی پەرینەوەی هاوکارییە مرۆییەکان لە دەروازەی باب ئەلهەوا لەسەر سنووری نێوان تورکیا و سوریا، وتیش کە پێویست ناکات هیچ بریارێکی دیکە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەم مەبەستە دەربکرێت.
نوێنەری رووسیا داوایکرد کە هاوکاری مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکی سووریا بەهەمان شێوەی دۆخی وڵاتانی دیکە بە مۆڵەت و بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ حکوومەتی دانپێدانراوی وڵاتەکە بکرێت، بە ئاماژەدان بە دیمەشق.
دیمەشق داوا دەکات کە میکانیزمی پەرینەوەی هاوکارییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵیدا بێت لە رێگەی مانگی سووری سوریا و خاچی سوورەوە.