قامشلۆ – نۆرس پرێس
بەشی بەدواداچوون و بەبەڵگەکردنی نۆرس پرێس، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆکرد، لەڕێگەی میکانیزمی نێودەوڵەتیی بێلایەن و سەربەخۆوە، بۆ هاوکاریکردن لە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە قورسترین تاوانەکان کە لە سوریا ئەنجامدراون بەپێی پۆلێنکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
لە لێکتێگەیشتنەکەدا هاتووە کە زانیاری و بەڵگەکان کە نۆرس پرێس بەبەڵگەی کردوون، دەخرێنە بەردەم ئەو میکانیزمەی کە ئەرکی پاراستن و شیکردنەوەی بەڵگەکانی سەرپێچی یاسای نێودەوڵەتیە، هەروەها ئامادەکردنی دۆسییەکان بۆ ئاسانکاری و خێراکردنی رێوشوێنی تاوانکاریی روون و سەربەخۆکان، بەپێی ستانداردەکانی یاسای نێودەوڵەتی.
لە 23ی ئایاردا، ئاژانسی رۆژنامەوانی نۆرس پرێس، لەگەڵ بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردن، بوونە ئەندامێکی فەرمی تۆڕی جیهانی تۆمارکردنی قوربانییەکان ” every casualty counts”.
میکانیزمی نێودەوڵەتی، بێلایەن و سەربەخۆ – سوریا (IIIM) لە کانوونی یەکەمی 2016دا، لەلایەن کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە دامەزراوە بۆ یارمەتیدان لە لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە قورسترین تاوانەکان لە سوریا، کە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە مانگی ئازاری 2011ەوە ئەنجامدراون.
نۆرس پرێس لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا بەشی چاودێری و بەبەڵگەکردنی دامەزراند، هەروەها کاردەکات بۆ تۆمارکردنی قوربانیانی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ لە سوریا لە چوارچێوەی خشتەبەندییەکی تایبەتدا، هەروەها پشتپێبەستنیان بۆ بەرهەمهێنانی راپۆرتی بابەتیانە، جگە لە چیرۆکەکان و شایەتیدانی قوربانییەکان و رزگاربووان.