تورکیا بەردەوامە لە ناردنەوەی سورییەکان.. 140 پەنابەرانی نوێی دیپۆرتی ئیدلیب کردەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، دەسەڵاتدارانی تورکیا 140 پەنابەری سووریا، لەنێویاندا ژنێکی دووگیان هەبوو، دیپۆرت کردەوە بۆ ناوچەکانی پارێزگای ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سوریا، لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە، بەمەش ژمارەی دیپۆرتکراوەکانی دوێنێ گەیشتە زیاتر لە 200 پەنابەر.

دوێنێ، سەرچاوەیەک لە دەروازەی باب ئەلهەواوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ دەسەڵاتدارانی تورکیا نزیکەی 140 پەنابەری سورییان لە رێگەی دەروازەی باب ئەلهەواوە بۆ ئیدلب دیپۆرتکردەوە، لەنێویاندا 37 ژن لەگەڵ منداڵەکانیان هەبوون، کە یەکێکیان دووگیان بوو و منداڵەکەی سکی تەمەنی حەوت مانگە، بەبێ ئەوەی خێزانەکانیان کە لە تورکیا نیشتەجێن لە دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەیان ئاگاداربکەنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەسەڵاتدارانی تورکیا چاپی چاو و پەنجەمۆریان وەرگرتووە و سەرجەم کاغەزی ناسنامەیان بردووە بۆ ئەوەی رێگە لە گەڕانەوەیان بگرن بۆ ناو خاکی تورکیا، سەرەڕای کارکردن و نیشتەجێبوونیان بۆ ماوەی ساڵانێک لەو وڵاتەدا.

لە کاتێکی پێشتری دوێنێدا، دەسەڵاتدارانی تورکیا 60 پەنابەریان لە دەروازەی باب ئەلسەلامەوە، لە باکووری شاری حەڵەب دیپۆرتکردەوە، بەمەش ژمارەی دیپۆرتکراوەکان لە ماوەی 24 کاتژمێری رۆژی دوینێدا گەیشتە 200 کەس، ئەمەش لەکاتێکدایە کە تورکیا بەردەوامە لە دیپۆرتکردنەوەی دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سوریا.

ئامادەکردنی: هانی سالم – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی