ئامارێکی وردی پێشێلکارییەکانی عەفرین بڵاوکرایەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

رۆژی دووشەممە رێکخراوێکی مافی مرۆڤ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە، تێیدا گوتی 90 کەسی رەسەنی ناوچەی عەفرین سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا سەر بە تورکیا لە دوای ساڵی 2018 لە شاری عەفرین سەبارەت بە (خانو و زەوی و موڵک) وەرگیراوە.

رێکخراوێکی مافی مرۆڤ (بێڵ) کە لە سوریا کاردەکات، لە سەرەتای راپۆرتەکەیدا رایگەیاندووە، “گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیدەکرێن، چەندین جۆری پێشێلکردنی مافی مرۆڤیان بەرامبەر بە خەڵکی رەسەن لە ناوچەی عەفرین ئەنجامداوە، کە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چڵە زەیتوون لە ساڵی 2018 دەستیپێکردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، بەپێی راپۆرتەکانی کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سوریا”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پێشێلکردنی مافەکانی نیشتەجێبوون و خاوەندارێتی زەوى، دیارترین تایبەتمەندی ئەم پێشێلکارییانەن لە عەفرین”.

لە راپۆرتەکەدا قسەی 90 ژن و پیاوی ئاوارە لە دانیشتوانی (کورد)ی عەفرین بە بەڵگەکراوە کە موڵک و ماڵیان لەلایەن ئەندامانی گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە کە ناوچەی عەفرین کۆنترۆڵ دەکەن تاڵان کراون یان وێران کراون.

روونیشیکردەوە کە چەندین جۆری هێرش بۆ سەر موڵک و ماڵی خەڵکی رەسەنی عەفرین رویانداوە، بە جۆرێک هاوڵاتیانی ناوچەکە بە هەرەمەکی رووبەرووی “جیاکاری ئیتنیکی” بوونە، وەکو بە ئامانجگرتن و لەناوبردنی موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی سڤیل کە بەشداری هیچ شەر و پێکدادانێک نەکردوە، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ئارەزوومەندانە و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی تایبەتی خەڵکی سڤیل.

راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەشێک لە شایەتحاڵەکان نازانن کام گروپە چەکدارە دەست بەسەر موڵکەکەیاندا گرتووە، کە (47 حاڵەت دەستبەسەرداگرتن) تۆمارکراوە، و لەلایەن 90 شایەتحاڵەوە پشتراستکراوەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە شایەتحاڵەکان (قوربانییەکان) توانیویانە لایەنی بەرپرسیار لە پێشێلکارییەکە دەستنیشان بکەن، بۆیە پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە دابەشکراون:

  • فیرقەی حەمزەک 10 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  •  ئەحرار شەرقیە 7 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • بەرەی شامیە  6 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • سوپای تورکی  5 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • ئەحرار شام 3 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامدا
  • پۆلیسی سەربازی 3 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • فیرقەی سوڵتان سلێمان شا 3 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • فەیلەق شام 2 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • لیوای سوڵتان موراد 2 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • سوپای نیشتمانی سوریا 2 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • شەعیتات 1 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • سوقور شیمال 1 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  • لیوای موعتەسیم 1 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە
  •  شۆرشگێرانی حەما 1 حاڵەتی پێشێلکاری ئەنجامداوە

سەبارەت بەو حاڵەتەکانی دیکە کە بەڵگەکراون، قوربانییەکان دەڵێن، “ئەو لایەنانەی پێشێلکارییەکەیان ئەنجامداوە، گروپی سەر بە سوپای ئازادن یان بەکرێگیراوانی سەر بە تورکیان” بەڵام نەیانتوانیوە بە وردی ناوی ئەو لایەنە دیاری بکەن کە دەستییان داوەتە سەر موڵکەکەیان.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە کاتی چاوپێکەوتن لەگەڵ شایەتحاڵەکاندا، جەختیانکردوە، لە ئۆپەراسیۆنی چڵەی زەیتووندا، بە چاوی خۆیان بینیویانە بەهۆی بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیادا، زیاتر لە 18 خانوو بە تەواوەتی یان بەشێکی وێرانبوون.

هەروەها راپۆرتەکە بەڵگەی ئەوە دەخاتەروو، لە رێگەی گوتەی شایەتحاڵانەوە، کە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، دەستیان بەسەر 124 خانووی نیشتەجێبوون و 42 تۆماری خانووبەرە و فرۆشگایەکی بازرگانیدا گرتووە، هەروەها دەستیان بەسەر 13 ئۆتۆمبێلی تایبەت و 9 تراکتۆر و ئامێری کشتوکاڵی و 20 ماتۆرسکیل و 10 ئامێری کارگەی پیشەسازیدا گرتووە.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی بە دەستبەسەرداگرتنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی دانیشتوان و و برینی دارەکانی زەیتون کە سەرچاوەی بژێوی ژیانی دانیشتوانی ئەو ناوچەییە، ئەمە جگە لە تاڵانکردنی بەروبومی کشتوکاڵییان لەلایەن گرۆپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنەوە.

بە پشتبەستن بە قسەی شایەتحاڵەکان، راپۆرتەکە توانی دەستبەسەرداگرتنی 37 هەزار و 856 داری زەیتون و 9 هەزار و 340 دار میوە و باخی ترێ و دەستبەسەرداگرتنی 245 سەر ئاژەڵ و تاڵانکردنی 653 تەنەکەی زەیتی زەیتون و 3 تۆن سابوون بەڵگەنامە بکات.