هەولێر- نۆرس پرێس
لێكۆڵینەوەیەك پێشبینی ئەوەی كردووە كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا تووشی نەخۆشی “شەكرە” دەبن لە سێ دەیەی داهاتوودا دوو هێندە زیاد دەكات.
ماڵپەڕی ساینس ئەلێرت پێشبینی ئەوەی كردووە كە ژمارەی ئەو كەسانەی لە جیهاندا تووشی نەخۆشی “شەكرە” دەبن لە سێ دەیەی داهاتوودا دوو هێندە زیاد دەكات، بەمەش كۆی گشتیی تا ساڵی 2050 دەگاتە 1.3 ملیار كەس.
توێژینەوەكە داتا و خەمڵاندنەكانی پەیوەست بە هۆكارە مەترسیدارە تایبەتەكانی پەیوەست بە قەڵەوی، خۆراك، چالاكیی جەستەیی، ژینگە یان پیشە، جگەرەكێشان و بەكارهێنانی كحولی لەخۆگرتبوو.
پێشبینی دەكرێت باكوری ئەفریکا و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دوورگەی زەریای هێمن ئەو ناوچانە بن كە زۆرترین كاریگەری نەخۆشی شەكرەیان لەسەرە و وڵاتانێك هەن لە ساڵی 2050دا لە هەر پێنج كەس یەكێكیان تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.
بەپێی توێژینەوەكە پێشبینی دەكرێت ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەكرە لەنێو كەسانی بەساڵاچوو لەو ناوچانە زیاتر بێت.
بەپێی ئامارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە مەزەندەكردن 422 ملیۆن كەس لە ساڵی 2104دا لە جیهاندا تووشی نەخۆشی شەكرە بوون، لە كاتێكدا لە ساڵی 1980دا 108 ملیۆن كەس تووشی نەخۆشی شەكرە بوون.
توێژینەوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشبینی دەكرێت زۆربەی زۆری تووشبووانی نوێی نەخۆشی شەكرە لە سێ دەیەی داهاتوودا لە جۆری دووەم بن. پیربوون و قەڵەوی هۆكاری سەرەكین بۆ بەرزبوونەوەی چاوەڕوانكراوی حاڵەتەكانی نەخۆشی شەكرە.
جێگای ئاماژەیە نەخۆشی شەكرە هۆكارێكی سەرەكییە بۆ كوێربوون و لەكاركەوتنی گورچیلە و جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشك، خۆراكی تەندروست لەگەڵ چالاكییەكی جەستەیی باش و جگەرە نەكێشان، دەتوانێت ڕێگری لە نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم بكات یان دوایبخات.