لوبنان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پەنابەرە سورییەکان بگەڕێنێتەوە زێدی خۆیان

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئەمرۆ دووشەممە، 24ی تەمموزی 2023، نەجیب میقاتی، سەرۆکوەزیرانی لوبنان داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پەنابەرە سوورییەکان بگەرێننەوە بۆ وڵاتەکەیان و لە بریارەکانیدا رێز لە سەروەری لوبنان بگرن.

ئەم داواکاریانە بۆ میقاتی لە وتارێکدا هات کە لە میانی “کۆنفرانسی رۆما بۆ تاوتوێکردنی کۆچ لە سەرانسەری دەریای ناوەراست”پێشکەشیکرد، تیایدا گوتی “هەڵوێستی حکومەتی لوبنان سەبارەت بە پرسی پەنابەرانی سوریا لە لوبنان روونە (بەو پێیەی ململانێ لە سوریا کۆتایی هاتووە)، پێویستە پلانێک دابرێژین بۆ گەرانەوەی سەلامەت و دڵنیایی هەموو پەنابەران بۆ زێدی خۆیان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و خێرخوازان، لەبری ئەوەی پارەی مانەوەیان لە لوبنان دابینبکەن، پێویستە ئەم پارانە ئاراستە بکەنەوە بۆ ئەوەی پارەیان بدەن، بە مەرجێک، بۆ ئەو کەس و خێزانانەی بریار دەدەن بگەرێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

راشیگەیاند، لە ئێستادا بارودۆخی لوبنان بە مەترسیدار دادەنرێت، دوای ئەوەی میوانداریی یەکێک لە زۆرترین ژمارەی پەنابەرانی کردووە لە پێوەندی لەگەڵ ژمارەی دانیشتوانی جیهان، ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان وڵاتێکی تارادەیەک بچووکە و ژمارەی دانیشتووانی 5 ملیۆن کەسە، ئێستاش بەرپرسیارێتی لەخۆگرتنی نزیکەی دوو ملیۆن پەنابەری سوریای لە ئەستۆدایە، ئەم بابەتەی بە “زۆر قورس”وەسفکرد.

ناوبراو تورەیی خۆی لە بریارەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دەربری کە بە “چاوپۆشیکردن لە ئاڵۆزی و تەحەددییە فرەلایەنەکانی بەردەم لوبنان” وەسفکرد.

ناوبراو نائومێدی وڵاتەکەی لە بریارەکەی ئەم دواییەی پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپا دەربری و بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری لوبنان زانی و ترس و خواستەکانی لوبنانیشی لەبەرچاو نەگرت.

لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم فشارەی کە بەهۆی قەیرانەکانەوە بەسەریاندا سەپێنراوە و کاردانەوەی توندی بوونی درێژخایەنی پەنابەرانی سوریی لە لوبنان، پەیکەری کۆمەڵایەتی لە وڵاتەکەیدا ناسەقامگیر دەکات و هەرەشەیەکی راستەوخۆ لەسەر بوونی وڵاتەکەی دروستدەکات.