لە سەرەتای شەپۆلی گەرماوە تا ئێستا زیاتر لە 100 ئاگر لە شاری حومس کەوتوونەتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژی دوشەممە ئەیاد محەمەد فەرماندەی تیمی ئاگرکوژێنەوەی حومس، ڕایگەیاند، تیمی ئاگر کوژێنەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەپۆلی گەرما لە ناوچەکە زیاتر لە 100 ئاگریان کوژاندووەتەوە.
لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕۆژنامەی ئەلوەتانی نیمچە فەرمی ئاماژەی بەوەکرد، نزیکەی لەسەدا 35ی ئەو ئاگرکەوتنەوانە لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و دارستانەکاندا بووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەو ئاگرانەوە نزیکەی هەزار و 500 دۆنم دار میوە و بەرهەمی کشتوکاڵی جۆراوجۆر سوتاون.
محەمەد، هۆکارەکانی ئاگرکەوتنەوە بە گشتی و بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ فاکتەری مرۆیی گەڕاندەوە، بەتایبەتی لە ناوچە کشتوکاڵییەکان و ڕوونیشیکردەوە کە خراپ بەکارهێنانی ئاگر لەلایەن جووتیارانەوە و فڕێدانی جگەرە لەلایەن ڕێبوارانەوە هوکارن بۆ کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە.
ئاماژەی بەوەدا، کە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمی یارمەتیدەرن بۆ کەوتنەوەی ئاگر و هەروەها وشکبوونی گیا هۆکارێکی تری کەوتنەوەی ئاگرە.
جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی لابردنی گژوگیا و ڕێکخستنی ڕێگاوبان بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئاگر.