نرخی گواستنەوە لەم شارەی رۆژئاوایی کوردستان بەرزبووەوە

تەل تەمر – نۆرس پرێس

لە دوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، کرێی گواستنەوەی سەرنشینەکان نێوان شاری حەسەکە و شارۆچکەی تەل تەمر لە رۆژئاوایی کوردستان بەرزبووە، بەبێ ئەوەی بڕیارێکی فەرمی لەو بارەوە بدرێت.

لە 16ی تەمموزدا، نرخی سووتەمەنی لە ناوچەکانی بەڕێوبەرایەتی خۆسەر بەرزبووەوە، بەشێوەیەک نرخی هەندێک جۆری سووتەمەنی بە رێژەی 100٪ بەرزبووەوە، هاوکات پێشبینیدەکرا نرخی خزمەتگوزارییە وابەستە بە سووتەمەنی وەک گواستنەوە، کارەبا، مۆلیدە و نانەوەخانە بەرزببێتەوە.

خاوەن ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی سەرنشینەکانیان لە نێوان حەسەکە و تەل تەمر نرخی گواستنەوە لە سێ هەزار لیرە بۆ چوار هەزار لیرە بەرزکردەوە، بەبێ ئەوەی بڕیارێکی فەرمی لەلایەن ئیدارەی گەراج و بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی شارەکەوە بدرێت.

ئەمرۆ یەکشەممە، 23/7/2023 عەبد عەلی وەکاع، خاوەنی ئۆتۆمبیلی گواستنەوە، بە نۆرس پرێسی راگەیاند: بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گازۆیل و بەرزبوونەوەی بەردەوامی دۆلار، نرخەکەمان بەرزکردەوە، چونکە کرێی کۆن بەس نییە بۆ خەرجییەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، “زیاتر لە جارێک داوامان لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لە شارۆچکەی تەل تەمر کردووە کرێی گواستنەوەی سەرنشینەکان بەرزبکاتەوە، بەڵام وەڵاممان لێیان وەرنەگرتووە”.

لە بەرامبەردا فەواز سلێمان، بەڕێوەبەری گەراجی شارۆچکەی تەل تەمر، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، تاوەکو ئێستا بە فەرمی گۆڕانکاری بەسەر کرێی گواستنەوەدا نەهاتووە، هەروەها گلەیی لەلایەن دانیشتووانەوە هەیە لەسەر ئەو نرخە نوێیەی کە خاوەنی “ئۆتۆمبێلەکانی کرێیان” دایاناوە، هەر شۆفێرێک سەرپێچی بریارەکان بکات سزادەدرێت.

سلێمان گوتی، لە کاتی تۆمارکردنی سەرپێچی یەکەم بە 20 هەزار لیرەی سووریی خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە سزادەدرێت، لە دووەم سەرپێچیدا بە 40 هەزار سزادەدرێت، لە کاتی ئەنجامدانی سەرپێچی سێیەم، دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکەدا دەگیرێت.