بەرزبوونەوە نرخی سوتەمەنی لە قامشلۆ

قامشلۆ – نۆرس پرێس

بەنزینخانەکانی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینی نایابی “هاوردەکراو”ی بەخۆوەبینی، هاوکات لەگەڵ داڕمانی بەرچاوی بەهای لیرەی سوری بەرامبەر بە دراوە بیانییەکان.

بەنزینخانەکان نرخی یەک لیتر بەنزینی نایابیان بە 9,930 لیرە، کە دەکاتە بە (0.76 سەنت) فرۆشت، لەکاتێکدا پێشتر بە 8,980 لیرە فرۆشتوویانە، واتە ئێستا 950 لیرەی سوری زیادی کرد، ئەم نرخە نوێیە بەپێی شکاندنەوەی نرخی دۆلار بە 13 هەزار لیرە دانراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، عەبدولسەلام حەسەن، خاوەنی بەنزینخانەیەک لە قامشلۆ، رایگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر دەستیان کردووە بە فرۆشتنی سوتەمەنی بەو نرخە نوێیە، ئاماژەی بەوەدا کە ئەو نرخە نوێیانە لەلایەن بەشی سووتەمەنی بەڕێوبەری خۆسەرەوە دەرچووە، بەپێی قسەکانی.

بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین هاوکاتە لەگەڵ بەرزکردنەوەی نرخی گازۆیل بۆ ئۆتۆمبێلی کشتوکاڵی و پیشەسازی لە 425 لیرەوە بۆ 525 لیرە بۆ هەر لیترێک، هەروەها بەرزکردنەوەی نرخی گازۆیلی ئۆتۆمبێل لە 1200 لیرەوە بۆ 1700 لیرە، هەروەها نەوتی گەرمکەرەوە بۆ 325 لیرە، لە کاتێکدا کە پێشتر لیتری بە 150 لیرە بوو.

جێگای سەرنجە کە ئەمە چوارەم جارە نرخی بەنزین لە رۆژئاوای کوردستان بەرزبێتەوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە، بەگوێرەی چاودێریی پەیامنێرانی نۆرس پرێس.

ئامادەکردنی: دڵسوز یوسف – داڕشتنەوەی: روبین عومەر