چەندین جارە قەیرانی بەنزین دروست دەبێت

هەولێر – نۆرس پرێس

زیاتر لە یەک هەفتەیە شۆفێرانی قەزای شنگالی سەر بە پارێزگای موسڵ رووبەڕوی قەیرانی كەمی بەنزین بونەتەوە و چەندین كاتژمێر لە سەرەی بەنزینخانەكاندا رادەوەستن، بەو هۆیەوە لەڕێگەی جیاجیاوە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و داواکارن ئەو قەیرانە چارەسەربکرێت.

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ، هۆکاری كەمبونەوەی بەنزین بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گرێبەستی كۆمپانیای كار لەگەڵ كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عیراق كۆتاییهاتووە و تا ئێستاش نوێ نەكراوەتەوە.

شۆفێران ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە رۆژانە بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج کاتژمێر لە سڕەی بەنزینن و هەندێکیش تا هەشت کاتژمێر لەسڕەکەدان بۆ وەرگرتنی بەنزین و بەدەستیشیان ناکەوێت. چونکە بڕە بەنزینی شنگال كەمبووەتەوە و بەشی هەموو شۆفێران ناكات و قەرەباڵغیش دروستبووە و سەدان ئۆتۆمبێل لە سەرە دەوەستن.

نەک تەنها لە قەزای شنگال سڕەی بەنزین هەیە بەلکو لە زۆربەی ناوچەكانی دیكەی رۆژئاوای پارێزگای موسڵ قەیرانی بەنزین سەریهەڵداوە.

ئەمە یەکەمجار نییە کە شنگال و دەوروبەری قەیرانی بەنزین دروست دەبێت بەلکو لە ساڵانی رابردودا زیاتر لە جارێك قەیرانی بەنزین سەریهەڵداوە، دوایینجاریش لە ناوەڕاستی 2022دا بووە.

بەپێی زانیاریەکان لە سەرتانسەری قەزای شنگال تەنها چوار بەنزیخانه‌ی حکومی هه‌ن، كە لیترێك بەنزین بە 450 دیناری عێراقی دەفرۆشن کە ئەویش بەپێی كۆبۆن.