رووسیا: ئەمریکا 8 پێشێلکاری نوێی لە ئاسمانی سوریا ئەنجامداوە

قامشلۆ- نۆرس پرێس

رووسیا رایگەیاند، لە ماوەی رۆژی رابردوودا، ئەمریکا لە ناوچەی تەنف، کە هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان تێیدا تێدەپەرن، هەشت جار ئاسمانی سوریای پێشێلکردووە.

ئۆلێگ گۆرینۆڤ، جێگری سەرۆکی ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا، لە لێدوانێکدا باسی لەوەکردووە، پێشێلکارییەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی سوریا، لەلایەن شەش فرۆکەی جەنگی ئێف 16ی ئەمریکی و دوو فرۆکەی تایفونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ئەنجامدراون.

لە لایەکی دیکەوە واشنتۆن دەڵێت، فرۆکەکانی رووسیا یاداشتنامەی “لێکتێگەیشتن سەبارەت بە ئاسمانی سوریا” پێشێلدەکەن و زیاتر لە جارێک ژیانی سەربازانی ئەمریکییان خستۆتە مەترسییەوە.

هەفتەی رابردوو، جەنەراڵ مارک میلی، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، جەختیکردوە، کە ئەمریکا توانایەکی پێویستی هەیە بۆ بەرگریکردن لە خۆی، ئەمەش وە وەڵامێک بۆ زیادبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و رووسیا و ئێران لە سوریا.

بەگوێرەی بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمریکا، لە مانگی رابردوودا، کاتێک فرۆکەکانی ئەمریکا ئەرکەکانیان لە ئاسمانی سوریا جێبەجێدەکەن، فرۆکەکانی رووسیا چەندین جار ئاستەنگی لە بەردەم فرۆکەکانی ئەمریکا دروستکرد.

لە ئامارێکی دیکەدا، ناوەندی ئاشتەوایی سەر بە وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، کە فرۆکە بێفرۆکەوانەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی “لە پێنجشەممەی رابردوودا 21 جار سەلامەتی فرینەکانیان لە سوریا پێشێلکردووە”.