هەولێر-نۆرس پرێس
گروپێکی راسترەوی دانیمارکی، کۆپییەکی قورئانی پیرۆزیان لە بەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە کۆپنهاگن سووتاند.
رۆژی هەینی 22\7\2023 پارچە ڤیدیۆیەکی سووتاندنی کۆپییەکی قورئان و پیسکردنی ئاڵای عێراق لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە پایتەختی دانیمارک لە سۆشیال میدیا بڵاوکرایەوە.
ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بە توندی دووبارەبوونەوەی، رووداوی سوکایەتیکردن بە قورئان و ئاڵای عێراق ئیدانە دەکات”.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی بەوەشکرد، “وەزارەت پابەندبوونی تەواوی خۆی بۆ بەدواداچوون بۆ پێشهاتەکانی ئەو رووداوە قێزەونانە دووپاتدەکاتەوە، کە ناتوانرێت بخرێتە چوارچێوەی مافی رادەربرین و ئازادی خۆپیشاندان”.
پێنجشەممەی رابردوو، هاوڵاتییەکی عێراقی بەناوی سیلوان مۆمیکا کە لە سوید دەمێنێتەوە بۆ دووەمجار لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا، لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوید “کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز” پیسکرد.
لە بەغدادش وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەوەی لە سوید روودەدات، بەشێک لە خۆپیشاندەرانی بەغدا هەڵیانکۆتایە سەر باڵیۆزخانەی سوید و ئاگریان تێپەردا.
سوید هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەکەی بە “پێشێلکارییەکی جددی رێککەوتننامەی ڤیەننا” لەقەڵەمدا و داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کرد کە نوێنەرایەتی و کارمەندە دیپلۆماسییەکان بپارێزن.
لە بەرامبەردا وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پابەندبوونی تەواو بە رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ رێکخستنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتان دووپاتدەکاتەوە و جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراق بەرپرسیارە لە دابینکردنی ئاسایش پاراستنی تەواوی ئەو کارمەندە دیپلۆماسیانەی کە لە سەرجەم نوێنەرایەتییەکاندا کاردەکەن.
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانی رابردوو، سەدر داوای نارەزایەتی دژی سوید کرد، دوای ئەوەی کەسێکی عێراقی بە ناوی سیلوان مۆمیکا لە دەرەوەی مزگەوتێکی ستۆکهۆڵم، کۆپییەکیقورئانی پیرۆز سووتاند.