هەولێر- نۆرس پرێس
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بە پشتبەستن بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکا بڵاویکردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ڕێگری لە 14 بانکی عێراقی کردووە مامەڵەی دۆلار بکەن، ئەمەش وایکرد بەهای دینار جارێکی دیکە داببەزێت و 100 گەیشتە 149 هەزار و 500 دینار.
لە ڕاپۆرتەکەی ئەو رۆژنامە ئەمریکیەدا هاتوە، قەدەغەکردنەکە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا و بانکی یەدەگی فیدڕاڵی نیویۆرکەوە سەپێنراوە، بەشێکە لە سەرکوتکردنی وەرگرتنی دراوی ئەمریکی بۆ ئێران.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریکا زانیاری ئاشکراکردووە کە بانکە عێراقییەکان سەرقاڵی سپیکردنەوەی پارە و مامەڵەی ساختە بوون، کە ڕەنگە هەندێکیان کەسانی سزادراوی تێدابوبێت و نیگەرانییەکانی دروستکردووە لەوەی ئێران سودمەند بێت لە دۆلاری ئەمریکی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، لەنێو ئەو بانکانەی لە لیستی قەدەغەکردنی ئەمریکادان هەریەکە لە (بانکی المستشار الإسلامي للاستثمار والتمويل، بانکی القرطاس الاسلامي للاستثمار والتمويل، بانکی الطيف الاسلامي، بانکی إيلاف الاسلامي، بانکی اربيل للاستثمار والتمويل، بانکی الاسلامي الدولي، بانکی عبر العراق، بانکی الموصل للتنمية والاستثمار، بانکی الراجح الاسلامي، بانکی سومر التجاري، بانکی الثقة الدولي الاسلامي، بانکی أور الإسلامي، بانکی العالم الإسلامي للاستثمار والتمويل، بانکی زين العراق الاسلامي للاستثمار والتمويل).
ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە نەیتوانیوە دەستی بە ملیارەها دۆلار لە سەروەت و سامانی بگات کە لە چەند وڵاتێکدا بلۆککراون.
ئەمریکا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە عێراقی دەوڵەمەند بە نەوت و دوەم گەورەترین بەرهەمهێنەری گروپی ئۆپێک بەرەو خۆبژێوی هەنگاو دەنێت، واشنتن فشاری خستوەتە سەر عێراق بۆ ئەوەی ڕێگری لە ڕۆیشتنی دۆلار بۆ ناو ئێرانی دراوسێ بکات.