ئەمریکا بەهەنگاوەکەی عێراق بەرەو ڕووی ئێران رازی دەبێت

هەولێر- نۆرس پرێس

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رەزامەندی دەربڕی بۆئەوەی ڕێگە بە عێراق بدات پارەی کارەبا بە ئێران بدات لە ڕێگەی بانکە نا عێراقییەکانەوە، بەرپرسێکی ئەمریکیش دەڵێت، هەنگاوەکەی واشنتن ڕێگری دەکات لە پچڕانی کارەبای تاران لە هاوینی گەرمی عێراقدا.

بەرپرسێکی کۆشکی سپی کە قسەی بۆ رۆیتەرز کردوە دەڵێت، ئەنتۆنی بلێنکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا واژۆی لەسەر رەزامەندی وڵاتەکەی کردووە کە رێگە بە عێراق دەدات بۆ ماوەی 120 رۆژی دیکە پشت بە کارەبای ئێران ببەستێت، پارەی ئەو کارەبا و غازەی لەو وڵاتەشەوە هاوردەی عێراق دەکرێت لەڕێگەی بانکە نا عێراقیەکانەوە واتە لە وڵاتانی سێیەمەوە دەخرێنەسەر هەژماری حسابی ئێران.

ئەو پارانەی لە هەژمارە نا عێراقییەکان دادەنرێن وەک ئەوانەی لە بانکە عێراقییەکاندان سنوردار دەکرێن و هێشتا پێویستی بە مۆڵەتی ئەمریکا دەبێت بۆئەوەی ئێران دەستی پێبگات و تەنیا بۆ کاڵای مرۆیی خەرج بکرێت.

تاران فشاری خستووەتە سەر بەغدا بۆئەوەی مۆڵەتی ئەمریکا بۆ ناردنی ئەم پارەیە وەربگرێت، بۆئەوەش بە بڕینی هەناردەی غازی سروشتی ئێران بۆ عێراق و سنوردارکردنی توانای عێراق بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا فشارەکانی دەسپێکردوە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە باسی لەوەشکردووە، عێراقییەکان داواییان کردووە و ئێستاش ڕێککەوتوین لەسەر فراوانکردنی لێخۆشبونەکە، ئەمە دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ دڵنیابون لە باشتر پابەندبون بە مەرجەکانی ئەمریکا کە هەر پارەدانێک بۆ مەبەستی مرۆیی بێت.

ئەوەشی ئاشکراکردوە، رەزامەندیەکەی ئەمریکا یارمەتی عێراقییەکان دەدات، لانیکەم تا ڕادەیەک، کە ئارگومێنتێک بۆ ئێران بخەنەڕو کە ئەوان کۆنترۆڵی ئەو پارەیەیان نییە کە داویانە لە هەژمارە نا عێراقییەکان.

تا ئێستا ڕون نییە کە ئایا ئێران لە ئەنجامدا لە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراقدا نەرمتر دەبێت یان نا، تاران دەتوانێت بڕیار بدات کە هەژمونی خۆی بەسەر عێراقدا لە چاو وڵاتانی دیکە زیاترە و بەردەوام بێت لە فشارەکان.