نوسەری کوردی رۆژئاڤا “مەحمود سەبری” لە تەمەنی 83 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، نوسەری دیاری رۆژئاوای کوردستان، “مەحمود سەبری” ناسراو بە “عاشقە غەمگینەکە” لە تەمەنی 83 ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشییەوە گیانی سپارد.
مەحمود سەبری، ساڵی 1937 لە گوندی “جێتلە کیکان”ی سەر بە دەرباسییە، هاتووەتە ژیانەوە، لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان، لە زانایانی ئایینی ئەو ناوچەیە فێری نووسین و خوێندنەوە بووە، بەهۆی ئەوەی سەر بە بنەماڵەیەکی ئایینی بوو کە فەقێ بووە، بۆیە ئەو لەناو خەڵکدا بە “مەلا مەحمود” ناسراوە.
لە ساڵی 1970 بڕوانامەی دیپلۆمی ئابووری کۆمەڵایەتی بەدەستهێناوە.
سەبری لە پێشەنگی ئەو کەسایەتییە سیاسییانەیە کە پەیوەندی بە پارتە سیاسییە کوردییەکانەوە کردووە لە رۆژئاڤا، لە ساڵی 1959 بە فەرمی وەک سەرکردەیەک لە نێو ریزەکانی پارتی دیموکراتی کورد لە سوریا دەستنیشان کراوە، لە رێگەی کۆنفرانسێکی پارتەکەوە، کە لە باشووری کوردستان (باشوور) بەڕێوەچوو .
مەلا مەحمود، ئەوکاتەی لە سەرەتای گەنجیدا بوو، لە ژێر کاریگەری شۆڕشەکەی “مەلا مستەفا بارزانیدا” بووە، هەوڵێکی زۆری داوە لە خزمەتکردنی دۆزی کورددا.
سەبری (81 ساڵ) لە ماوەی ژیانی سیاسی خۆیدا زۆر خەباتی کردووە لە دژی ئەو لادانانەی کە پارتە سیاسییە کوردییەکان پێیدا تێپەڕیوون و لە ساڵی 1996دا، بە هۆی زیادبوونی ژمارەی پارتە سیاسییە کوردییەکان لە رۆژئاڤا و کەوتنەوەی کەلێنێک لە نێوانیاندا، بڕیاریدا لە ژیانی سیاسی دوور بکەوێتەوە.
دوای جێهێشتنی ژیانی سیاسی، مەلا مەحمود دەستی کرد بە نووسینی کتێب کە تیایدا باس لە ئازار و هیواکانی گەلەکەی دەکات لە نێوان دێڕەکانیدا، بەو پێیەی 10 کتێبی بە ناوی خۆیەوە نووسیوە، کە تەرخانکرابوون بۆ شیعر و مێژوو و واقیعی کوردی رۆژئاڤا و سوریا کە هەموویان بە زمانی کوردی نووسراون.