داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێک دژ بە “هەسەدە” لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور راگەیاند
دێرەزووە – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ، چوارشەممە، رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” (داعش) لە رێگەی ئاژانسەکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشێک بە چەکی ئۆتۆماتیکی بۆ سەرئۆتۆمبیلێکی سەربازی هێزەکانی سووریای دیموکراتی لە شارۆچکەیەکی رۆژهەڵاتی دێرەزور، راگەیاند.
ئاژانسی هەواڵی “ئەعماق”ی نزیك لەو رێكخراوە، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، كە تیایدا هاتووە کە چەكدارانی رێکخراوەکە بە چەك و هاوێژەری موشەکی ئۆتۆمبیلێکی سەربازی هەسەدەیان كردۆتە ئامانج، لە شارۆچكەی “ئەلزر” 35کم رۆژهەڵاتی دێرەزوور.
ئاژانسەکەی سەر بە داعش دەڵێ: چەکدارەکانیان توانیویانە “سێ ئەندامی هەسەدە بکوژن و یەکێک بریندار بکەن و ئۆتۆمبیلەکەش پەک بخەن”
شایەدحاڵێک لە شارۆچکەکەوە بە نۆرس پرێسی راگەیاند کە هێرشەکە ئۆتۆمبیلێکی سەربازی هەسەدەی کردووە بە ئامانج، لە نزیک کەناڵی “ئەلرەی” لە ناوەڕاستی شارۆچکەی “ئەلزر”، ئاماژەیان بە بوونی قوربانی داوە، بە بێ وتنی قەبارەکەی.
سەرەڕای ئەو ئۆپەراسیۆنە چڕ و پڕە ئەمنیانەی کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان پێکردووە، گوندەوارەکانی دێرەزوور زیادبوونی حاڵەتەکانی تیرۆرکردن بەخۆوە دەبینن، ئەمەش ئەندامانی “هەسەدە” و کارمەندانی بەڕێوبەری خۆسەر و کەسایەتیی هۆزەکان و دانیشتوانی سیڤیل، دەکاتە ئامانج.
دوێنێش رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە رێگەی میدیاکانی نزیک لە خۆیەوە، بەرپرسیارێتی خۆی راگەیاند لە هێرشێک بۆ سەر بازگەیەکی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە شارۆچکەی ئەلوەحید لە گوندەواری باکووری دێرەزوور.