وەزیری بەرگری فەرەنسا دەگاتە هەرێمی کوردستان

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

سێباستیان لێکۆرنو، وەزیری بەرگریی فەرەنسا، بەسەردانێک لە بەغدایە، وابریارە سبەینێ چوارشەممە، 19ی تەمموزی 2023 سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.

وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، کە سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق، ئەمرۆ پێشوازیی لە وەزیری بەرگریی فەرەنسا کردووە.

ئەوەشی خستووەتەروو، وەزیری بەرگری فەرەنسا، زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە و پرسی گرنگ تاوتوێدەکات لەنێویاندا، پرسی ئاسایشی ناوخۆیی و ھەرێمیی.

هاوکات وەزارەتی بەرگری فەرەنسا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای تەواوبوونی سەردانەکەی لە عێراق، وەزیری بەرگری فەرەنسا، رۆژی چوارشەممە، 19ی تەممووز، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، پرسی درێژەدانی پەیوەندییەکانی  نێوان هەرێم و فەرەنسا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێدەکات.

فەرەنسا لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، 200 سەرباز و راوێژکاری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان بڵاوکردووەتەوە، کە ئەرکیان پێشکەشکردنی راوێژ و مەشق و راھێنانە بە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگە.