مۆسکۆ بەشداریکردنی لە رێککەوتنی دانەوێڵەدا راگرت
هەولێر – نۆرس پرێس
مۆسکۆ رایگەیاند، کۆتایی بە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە دەهێنێت، کە بە نێوەندگیری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی شەڕی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لەسەر خۆراکی جیهانی ئەنجامدرابوو.
دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی سەرۆکایەتی روسیا (کرێملن)، هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە راگەیاند، گوتی: “ئەم بریارەی مۆسکۆ دوای ئەوە هات کە بەشێک لە مەرجە پەیوەندیدارەکانی رووسیا پەیوەست بەم رێکەوتنە جێبەجێ نەکراون”.
دیمیتری پێسکۆڤ ئاماژەی بەوەدا، هەر کاتێک بەشی رووسیا لە رێککەوتنی دانەوێڵە جێبەجێکران، ئەوە رووسیا دەستبەجێ دەگەرێتەوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکانی دەریای رەش.
یەکێک لە مەرجەکانی رووسیا بۆ گەرانەوە بۆ ناو رێککەوتنی دانەوێڵە، گەڕانەوەی بانکی (روس خولیزە) بۆ ناوی سیستمی سویفت و بەکارخستنەوەی هێڵی ئامۆنیا لە نێوان تولیادی و ئۆدیسا.
یەکێکی دیکە لە مەرجەکان ئەوەیە، هەڵگرتنی سنووردارکردنەکانی بیمە و بیمەکردنەوە و چوونە ژوورەوەی بەندەر و دەست پێکردنەوەی دابینکردنی ئامێری کشتوکاڵی و پارچەی یەدەگ و خزمەتگوزاری چاک کردنەوە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسکۆ بە فەرمی نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیا و ئۆکرانیای لە درێژنەکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە ئاگادارکردووەتەوە.
رێککەوتنی رێگەدان بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا لە رێگەی دەریای رەشەوە کە لە دوو بەشەوە پێکدەهات، رۆژی 22ی تەمموزی 2022 لە ئەستەنبوڵ واژۆکرا.
لە بەشی یەکەمدا، ماوەی 120 رۆژ دیاریکراوبوو بۆ هەناردەکردنی دانوێڵە، لەگەڵ ئەگەری درێژکردنەوەی رێکەوتنەکە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و تورکیاوە، بێ گەرانەوە بۆ رووسیا و ئۆکرانیا.
بەشی دووەم لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و رووسیا واژۆ کرا، ئەم یاداشتە تایبەت بوو بە رێگەدان بە هەناردەکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی رووسیا، بەڵام پێدەچێت جێبەجێ نەکرابێت و رووسیاش لەوە رازی نییە .
رۆژی 29ی تشرینی یەکەمی 2022، دوای ئەوەی ئۆکرانیا هێرشی کردە سەر کەشتییەکانی رووسیا لە سیڤاستۆپۆل، مۆسکۆ بەشداریکردنی لە رێککەوتنەکەدا راگرت.
لە ماوەی یەک ساڵدا، ریکەوتنەکە سێ جار درێژکرایەوە، دوو جاری کۆتاییش بۆ ماوەی 60 رۆژ درێژکراوەتەوە.
مۆسکۆ داوادەکات مەرجەکانی رووسیا لە رێککەوتنەکە جێبەجێبکرێن، و دەلێت تاوەکو ئێستاش جێبەجێ نەکراون.
لە چەند هەفتەی رابردوودا، دانوستانەکان بۆ درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە بەردەوام بوون، لەم بارەوە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نامەیەکی بۆ پوتین نارد کە “پێشنیارێکی تایبەت”ی تێدابووە، بەڵام وردەکارییەکانی پێشنیارەکە ئەشکرا نەکرا.
رۆژی یەکشەممەی رابردوو ئەمریکا رایگەیاند، ئەگەر هەیە رووسیا، رێککەوتنەکە نوێ نەکاتەوە.
جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن لە نزیکەوە لەگەڵ کیێڤ کار لەسەر ئەم بابەتە دەکات.
جەیک سولیڤان، هۆشداریدا لەوەی کە جێهێشتنی رێککەوتنەکە بەو مانایەیە کە روسیا پشت لە دابینکردنی خۆراک بۆ وڵاتانی باشووری جیهانی، ئەفریقا، ئەمریکای لاتین و ئاسیا دەکات.
لە 13ی تەمموزدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاند، رەنگە مۆسکۆ بەشداریکردنی لە رێککەوتنی دانەوێڵەدا رابگرێت.