هەولێر-نۆرس پرێس
رووسیا بەشداریکردنی لە رێککەوتنی دانەوێڵەی راگرت، ئەوەش نرخی گەنمی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز کردەوە.
رۆژی دووشەممە کۆشکی کرێملین لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، دی فاکتۆ کۆتایی هات. دمیتری پیسکۆڤ ،گوتەبێژی کرێملین دەڵێت، رێککەوتنی دانەوێڵە وەستا هەر کاتێکیش بەشی رووسیا لە رێککەوتنەکە جێبەجێ کرا، لایەنی رووسی دەستبەجێ دەگەڕێتەوە نێو رێککەوتنەکە.
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو بە درۆن هێرش کرایە سەر تاکە رێگەی نێوان رووسیا و دوورگەی کریمیا کە رێگەیەکی سەرەکییە بۆ گەیاندنی کەرەستە سەرەکییەکان بە هێزەکانی رووسیا لە بەرەی باشووری ئۆکراینا.
بەهۆی بڕیارەکەی رووسیاوە نرخی گەنم بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، نرخی بووشلێک گەنم، کە دەکاتە 27 کیلۆ، لە بۆرسەی شیکاگۆ 6.7% بەرزبوەوە و گەیشتە 6.89 دۆلار، بەوەش نرخی تۆنێک گەنم گەیشتە 255 دۆلار.
لە 22ی تەممووزی ساڵی رابردوودا رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ و بە ئامادەبوونی هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
رێککەوتنەکە لە 1ی ئابی 2022 چووە واری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەوە نزیکەی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکراینا هەناردەی وڵاتانی جیهان کراوە.
تائێستا رێککەوتنەکە سێ جار درێژکراوەتەوە؛ دوایین جار لە مانگی ئایار بوو کە بۆ 60 رۆژ درێژکرایەوە. رێککەوتنەکەش ئەمشەو بە فەرمی بەسەردەچێت.