حکومەتی بەغداد داوای چالاککردنەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق – سوریا بۆ گوتوێژکردنی قەیرانی ئاو دەکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، سەبارەت بە پرسی ئاو، داوای لە بەغدا و دیمەشق کرد تیمێکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ دانوستان لەگەڵ تورکیا.

گوتەبێژی حکومەتی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی فەرمی عێراق (ئەلعراقیە)، دوێنێ یەکشەممە 16/7/2023، رایگەیاند، بەهۆی بەکەمی بەردانەوەی ئاوی رووباری فورات، سوریا هاوشێوەی عێراق تووشی قەیرانی ئاو بووە.

باسم عەوادی، ئاماژەی بەوەدا، زیاتر لە 75%ی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق لە تورکیاوە دێت و نزیکەی 20%یش لە جۆگەلە ئێران و سوریاوە دێت، گوتیشی؛ بەشی زۆری پرسی ئاو پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە.

عەوادی جەختی لە ئیرادەی عێراق کردەوە بۆ درێژەدان بە دانوستان لەگەڵ تورکیا بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی سەبارەت بە ئاوی رووبەرەکانی دیجلە و فورات.

  جەختیشی لە گرنگی چالاککردنەوەی لیژنەی هاوبەشی عێراق و سوریا کردەوە، بۆ تاوتوێکردنی قەیرانی ئاو لە گەڵ تورکیا، بۆ ئەوەی ئەنقەرە برێکی زیاتر لە ئاوی روباری فورات بەربداتەوە.

سەبارەت بە سەردانەکەی محەمەد شەیاع  سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ سوریا رایگەیاند، عێراق پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکات کە ئامانجیان هەڵگرتنی گەمارۆ ئابورییەکان کە بەسەر سوریادا سەپێنراون، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئاسایشی سوریا بەشێکی دانەبراوە لە ئاسایشی عێراق و ناوچەکە.