ژووری وەرزش – نۆرس پرێس
یانەی پاریس سانجێرمان یەکلایی بووەوە لەسەر جێگرەوەی ئەستێرەی فەرەنسی، کیلیان مباپێ، کە بڕیارە یانەکە بەجێبهێڵێت.
راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان باس لەوە دەکەن کە مباپێ بە یانەکەی گوتووە کە نایەوێت گرێبەستەکەی درێژبکاتەوە و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لە هاوینی 2024دا یانەکە جێدەهێڵێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی “مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ”ی ئیسپانی، پاریس چاودێری “گۆنزالۆ رامۆس”ی پورتوگالی هێرشبەری یانەی بەنفیکا دەکات بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەگەری رۆشتنی مباپێ بکاتەوە.
رۆژنامەکە رایگەیاندووە، کە “رامۆس” لەماوەی رابردوودا ئاستێکی سەرنجڕاکێشی پێشکەشکردووە، لە مۆندیالی قەتەریشدا لەگەڵ پورتوگال رۆڵی سەرەکی بینیوە، هەروەها وەرزی رابردووش 27 گۆڵی لەگەڵ یانەکەی تۆمارکردووە.
هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، لویس ئێنریکی، راهێنەری سانجێرمان، خواستی خۆی بە بەڕێوبەرێتی یانەکەی راگەیاندووە، بۆ هێنانی هێرشبەرێکی نایاب، جا ئەگەر مباپێ یانەکە جێبهێڵێت یان بمێنێتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە “رامۆس” مەرجی سزای جێهێشتنی 120 ملیۆن یۆرۆی هەیە، بەڵام بەنفیکا ئامادەیە دەرگای رۆیشتنی بۆ بکاتەوە بە بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ.
گۆنزالۆی تەمەن 22 ساڵ، یاریزانی تازەپێگەیشتووی یانەی بەنفیکایە، لە هاوینی 2020ەوە لە پلەیەکی یانەکە یاریدەکات، لە دوو وەرزی رابردووشدا بە شێوەیەکی بەرچاو تواناکانی درەوشایەوە.